گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تای خوێنبەربوون گەیشتە دوو پارێزگای تر

2022.05.08 - 14:09
App store icon Play store icon Play store icon
تای خوێنبەربوون گەیشتە دوو پارێزگای تر

ناس کورد-

پارێزگای کەربەلا تۆمارکردنی سێ حاڵەت و پارێزگای میسانیش یەک حاڵەتی تای خوێنبەربوونیان تۆمار کرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگای بەسرە تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوونی تۆمارکرد، توشبووەکە لە ڕەگەزی نێرە و تەمەنی 20 ساڵە.  

  

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا هەشت حاڵەتی مردن و 45 حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراون، یەکێک لە حاڵەتەکانی مردن لە کەرکوک بووە. 

 

تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.    

  

دیارترین نیشانەكانی  

دڵ تێكهەڵاتن و رشانەوە، لەگەڵ ئازاری جومگەكان، سكچون، تا، هیلاكی و لاوازی لە نیشانە دیارەكانی تای خوێنبەربونن.    

  

هەروەها چەند نیشانەیەكی نەخۆشییەكە دەریدەخات كە مەترسی لەسەر ژیانی توشبوەكە هەیە، لەوانە خوێنبەربونی ژێر پێست، دروستبونی كێشە لە دەماغ، بێهۆشبون، لەكاركەوتنی گورچیلە، دروستبونی كێشەی هەناسەدان و لەكاركەوتنی جگەر، ئەوەش بەپێی وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.    

  

چۆن دەگوازرێتەوە؟  

كاركردن یان تێكەڵبون لەگەڵ كەسانی توشبوو، سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی توشبوو، بەكارهێنانی دەرزیی و ئامێری بەكارهاتوی توشبوو، لە هۆكارەكانی گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، لەگەڵ سێكسكردن لەگەڵ كەسانی توشبوو بەبێ خۆپارێزی.    

  

مێش و مەگەز، جرج و مشك، شەمشەمەكوێرە و گەنە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونن، هەروەها مرۆڤی توشبوش.    

  

چۆن خۆت دەپارێزیت؟  

بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عیراق، بۆ خۆپارێزی، پێویستە گۆشت بە باشی دابپۆشیت و بیپارێزی لە مێش و مەگەز، دوركەوتنەوە و خۆپارێزی لە كەسانی توشبوو، بە باشی پاككردنەوەی سەتڵی خۆڵ و خاشاك و داپۆشینی، لەگەڵ دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرە.    

  

وەزارەتی تەدروستیی عیراق و رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن چیمەنی ماڵەكانیان ببڕن، لە پێناو رێگریی لە مێش و مەگەز و بڵاوبونەوەیان.