ناس کورد-
مەهدی تائیب، سەرۆکی قەرارگای "عەممار" کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە دەڵێت، "ئێمە لە بنکە سەربازییەکانی تورکیامان داوە لە ھەرێمی کوردستان."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو قسانەی تائیب لە تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراودا ئاشکرا بوو کە ماڵپەڕی "ئیران ئینتەرناشناڵ" بڵاویکردووەتەوە.
قسەکەی مەهدی تائیب لەکاتێکدایە دەزگای هەواڵگری سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران هەماهەنگی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن لەدژی تورکیا و ناوبەناو هێرش دەکەنەسەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق.
وەزارەتەکە ڕاپۆرتێکی لەبارەى ئەو چالاکییانەی لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە عێراق و سوریا ڕوویانداوە پێشکەشی کۆنگرێس کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "میلیشیا عێراقییەکان کە ئێران پشتگیرییان دەکات پشتگیری هاوپەیمانەکانی تری ئێرانیان کردووە کە وڵاتانی کەنداو بکەنە ئامانج."
باسی لەوەشکردووە، ئەو گروپە میلیشیایانە "هێرشەکانیان بۆسەر سوپای تورکیا لە سوریا و عێراق چڕکردووەتەوە."
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە ئەو میلیشیایانە هێرشەکانیان بۆسەر سوپای تورکیا چڕدەکەنەوە هەرکاتێک فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا پێگەکانی پەکەکە بۆردومان دەکەن."
هەروەها ئاماژەی بە دژایەتی ئەو گروپانە دەکات بۆ ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.