گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمەریکا هەوڵى گەیشتن بە ’’ڕێککەوتنى کۆتایی’’ پێشمەرگە و سوپا دەدات

2022.04.27 - 18:41
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمەریکا هەوڵى گەیشتن بە ’’ڕێککەوتنى کۆتایی’’ پێشمەرگە و سوپا دەدات

ناس کورد-

 

شاندێکى باڵاى دیبلۆماسی و سەربازى ئەمەریکا جەختیان کردەوە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی پێشمەرگە و سوپا  هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ، تا ئه‌رك بینینی لیوا هاوبه‌شه‌كان به‌كرده‌یی بچنه‌ بواری جێبه‌جێ كردنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەى نێوان وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵای دیپلۆماسیی و سه‌ربازی ئه‌مه‌ريكى جەخت لە له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق کرایەوە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، پێشوازی له‌ شاندێكى باڵاى ديپلۆماسى و سه‌ربازيى ئه‌مه‌ريكى، به‌ سه‌رۆكايه‌تى خاتوو ده‌ينا ستروول جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق، ماتيو ترۆلينگه‌ر جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى سياسى و سه‌ربازى له‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، جه‌نه‌ڕاڵ فلیپس و كۆڵۆنێڵ دۆگڵاس له‌ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی كاروباری ئاسایشی ئه‌مریكا له‌ عێراق و هه‌رێم كرد.

 

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ فه‌ریق جه‌مال محەمەد سه‌رۆكی ئه‌ركان و راوێژكارانی باڵای سه‌ربازی و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كان ئاماده‌یبوون، مه‌ترسییه‌كانی داعش، رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، پشتگیری و هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان و چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و دۆخی سیاسی و سه‌ربازی عێراق و هه‌رێم و ناوچه‌كه‌، ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانی ناو كۆبونه‌وه‌كه‌ بوون.

له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، خاتوو ستروول، سڵاوی به‌ڕێز ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكای به‌ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ گه‌یاند و ستایشی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد، له‌ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه‌، جه‌ختی كرده‌وه‌، له‌ پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى ئه‌مریكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودانی زیاتر به‌ كارى پێكه‌وه‌يى و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان.

 

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستان و چالاكی و جموجۆڵ و په‌لاماره‌كانى داعش له‌ ناوچه‌ جياكانى عێراق و سووريا، گفتوگۆی وورد و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌سه‌ر كرا.

له‌و ميانه‌شدا، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرده‌وه‌ تا  به‌ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ره‌نگارى ئه‌و مه‌ترسييانه‌ ببنه‌وه‌.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: له‌ قۆناغی ئێستای مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستانی داعش و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان، پێویستیمان به‌ ‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌مووان هه‌یه‌، سوپاسی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین، له‌ یارمه‌تیه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه‌ و تێكشكاندنی ته‌واوه‌تی تیرۆریستان.

 

به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تاوتوێ كردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بوو، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، به‌هاوكاری ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌پرسی چاكسازی قۆناغی باشی بڕیوه‌، له‌یه‌كخستن و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانیش هه‌نگاوی زۆر باش چۆته‌ پێشه‌وه‌، وتیشی: به‌رده‌وام ده‌بین و خواست و تموحی  گه‌وره‌ترمان هه‌یه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، خاتوو ده‌ینا سترۆل، پاڵپشتی و پشتگیری وڵاته‌كه‌ی بۆ ریفۆرمی سه‌ربازی و بونیاتنانی هێزێكی تۆكمه‌ی سه‌ربازیی سه‌رده‌میانە، بۆ پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌ و راشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و هاوبه‌شه‌كانمان له‌ عێراق، به‌رده‌وام ده‌بین، خواستی ئه‌مریكا مانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یه‌ به‌ئارامی و له‌ناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستانه‌.

 

‌پرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و سوپای عێراقی و پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا، به‌شێكی تری گفتوگۆكانی ناو كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو، تیایدا هه‌ردوولا به‌ بایه‌خه‌وه‌ لێكتێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق به‌گرنگ و كاریگه‌ر له‌قه‌ڵه‌مدا، هەروەها وه‌فدی باڵای دیبلۆماسی و سه‌ربازی ئه‌مریكا دووپاتیان كرده‌وه‌، بۆ گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنی كۆتایی،  هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ، كه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ له‌ ئه‌رك بینینی لیوا هاوبه‌شه‌كان به‌كرده‌یی بچنه‌ بواری جێبه‌جێ كردن، له‌پێناو پڕكردنه‌وه‌ی ئاسایشی و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه‌.