ناس کورد-
ڕەعد تەمیمی، سەرۆکی یەکێتی جوتیارانی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردانەوەی زیاتر ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بۆ چارەسەرکردنی وشکبوونی ناوچەکانی ڕۆخی ڕووباری دیالە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەعد تەمیمی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (26ی نیسانی 2022) وتی، "شاندێکی حکومی بە سەرۆکایەتی پارێزگاری دیالە سەردانی سلێمانی کردووە و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی ئاو کردووە."
وتیشی، "ڕێککەوتن کرا لەسەر زیادکردنی ڕێژەی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان لە 30 مەتر لە چرکەیەکدا بۆ 50 مەتر لە چرکەیەکدا، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی وشکبوونی ناوچەکانی ڕۆخی ڕووباری دیالە و زیادکردنی ئاوی دەریاچەی حەمرین وەک هەوڵێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی کە بەشی باکور و ڕۆژهەڵاتی دیالەی گرتووەتەوە."
ڕەعد تەمیمی ئاماژەی بەوەشکرد کە "ڕێککەوتن کراوە لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەی بوونی سەرپێچییەکان لەسەر ڕووباری دیالە (سیروان) لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم تاوەکو دەگاتە دەریاچەی حەمرین."