ناس کورد-
لەدوای کۆبوونەوەی هەردوو وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا لە کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەمەریکا جارێکی دیکە ڕەتیدەکاتەوە دەستوەردانی سەربازیی لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەوتەی ئۆلێکسی ئەریستۆڤیچ، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا دوێنێ یەکشەممە 24-4-2022، ئەنتۆنی بلینکن و لوید ئۆستن، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لەگەڵ فلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە.
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەمە یەکەمین سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و میدیاکانی ئەمەریکاش ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە و بڵاویاشیانکردووەتەوە کە دوای کۆبوونەوەکە هەردوو وەزیرەکە ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە.
هاوکات فلۆدیمێر زیلینسکیی سەرۆکی ئۆکرانیا لە تویتەر نوسیویەتی، "دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە هەموو کاتێک بەهێزتر." بەبێ ئەوەی باس لە هیچ وردەکارییەک بکات.
لەدوای کۆبوونەوەکە، لە بەشێک لە میدیا جیهانییەکان دەنگۆی هاوکاری و دەستوەردانی سەربازیی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا بڵاوبووەتەوە.
لەوبارەیەوە بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکەی بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، "سەرۆکی ئەمەریکا زۆر بەڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە دەستوەردانی سەربازیی لە ئۆکرانیا ناکات."
بە پشت بەستن بەو لێدوانە، سەردانی دوو وەزیرەکەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە بەمانای دەستوەردانی سەربازیی نییە.