ناس کورد-
سەرۆکى کۆمەڵەى زەردەشتیانى کوردستان رایگەیاند، لەمانگى رەمەزاندا خەڵکى زیاتر پەیوەندیان پێوەکردوون بۆ ئەوەى ببنە زەردەشتى، ئەوەش بەهۆى چەند هۆکارێکەوە لەناویاندا "پاراستنیان بە یاسا و کەمى دەوامى خەڵک و فێنکى کەشوهەواوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاوات حسامەدین (24-4-2022) بۆ "ناس کورد" وتى "ئەگەر پێشتر هەفتانە چەند حاڵەتێکى پشتێن بەستنمان هەبووبێت، لەمانگى رەمەزاندا رۆژانە پشتێن بەستن هەبووە، ئەوەش رەنگە بگەرێتەوە بۆ ئەوەى خەڵک کەمتر دەوامى هەیە و کاتى زیاتریان هەیە، لەگەڵ فێنکى کەشوهەوا چۆڵى شەقام لەبەیانیان و ئێواراندا بەتایبەت کە تا درەنگ رێکخراوەکەمان دەوامى هەیە".
دەشڵێت، دواى دەرچوونى یاساى ژمارە پێنجى ساڵى ٢٠١٥ تایبەت بە پێکەوەژیانى ئاین و پێکهاتەکان، خەڵک زیاتر پەیوەندیان پێوەدەکەن بۆ ئەوەى ببنە زەردەشتى و یاساکە پارێزگارى بۆدەستەبەرکردوون.
سەرۆکى کۆمەڵەى زەردەشتیانى کوردستان باسى لەوەشکرد، تەنها لە رێکخراوەکەى خۆیان ١٥ هەزار لەسنورى پارێزگاى سلێمانى فۆڕم پڕکراونەتەوە.