ناس کورد-
شارەزایەکى کەشناسی رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە ھەرێم بەگشتی دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی ناسەقامگیر و شێداری دەریای سوور و کاریگەرییەکانی ئەگەر ھەیە تا سەرەتای مانگی ئایندە بەردەوامی ھەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاراس جەبار (22-4-2022) لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، کاریگەری شەپۆلەکە بەگشتی ماوە ماوە لە بارانبارینی پچر پچر و ھەورە تریشقەی بەھێزدا خۆی دەبینێتەوە لەھەندێ کات و ناوچەشدا شەستە باران و تاوە بارانی بەخوڕ چالاک دەبێت لەگەڵ بارینی تەرزە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەو ناوچانەی تاوەکان زۆر بەھێز دەبن.
وتیشى بەگشتی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لەو مەودایەدا بۆ سەرجەم ناوچەکانی ھەرێم کاریگەری بە بڕ و رێژەی جیاواز دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و سنوری ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر پێشبینی دەکرێت کاریگەریەکی زیاتری ھەبێت و زۆرترین تاوی بەخوری باران و ھەورە تریشقەی تێدا چالاک ببێت.
بەوتەى ئەو شارەزایە، پلەکانی گەرما لەو ماوەیەدا بەرێژەی ٢ تا ٦ پلەی سیلیزی لەکاتەکانی رۆژدا نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، خێرایی با بە زۆری ئاسایی دەبێت تەنھا لە ھەندێ کاتی پێش بارانبارین بۆ ماوەیەک بە مامناوەندی یان نیمچە بەھێز چالاک دەبێت.
دەشڵێت، ئەم شەپۆلە حاڵەتێکی ناسەقامگیر دەبێت و بڕێکی زۆری شێ روودەکاتە ناوچەکە بۆیە لەھەندێ کاتدا ئەگەر ھەیە کە بارێکی گونجاو بۆ چالاکبوونی ھەورە بروسکەی زۆر بەھێز و بارانی ئێجگار بەخوڕ و تەرزە برەخسێت.