ناس کورد-
جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق هۆشداری دا لە زیاتربوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین بەهۆی کەمیی سەوزایی و ڕایگەیاند، "عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهاندا بۆ گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا، ئەوەش زەنگێکی مەترسیداریی وشکەساڵییە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جاسم فەلاحی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (12ی نیسانی 2022) دەڵێت، "ئەوەی لە ئێستادا کەرتی ژینگەی پێوەی دەناڵێنێت کێشە کەڵەکەبووەکانی پێشووە" و ڕوونیکردەوە کە "عێراق بەهۆی کەمیی ڕێژەی سەوزاییەوە زیاتر لە 100 ڕۆژی خۆڵبارینی هەیە، ئەوەش فشارێکی زۆری خستووەتەسەر کەرتی تەندروستی کە ژمارەیەکی زۆر حاڵەتی تەنگەنەفەسی بەهۆی نەخۆشییەکەی ڕەبووە و هەوکردنەوە وەردەگرێت."
وتیشی، "وڵات بە دەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت و لە ڕیزبەندی یەکەمدایە بۆ گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا، ئەوەش تەنها بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما نابێت، بەڵکو دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی کشتوکاڵ و زیادبوونی وشکەساڵ و کەمبوونەوەی باران."
ڕوونیشیکردەوە کە "لەنێوان 10 گەرمترین ناوچەکانی جیهاندا، چواریان لە پارێزگای زیقارن."
وەزیری ژینگەی عێراقی ئاماژەی بەوەشکرد کە "کاریگەری شەپۆلەکانی خۆڵبارین زیاتر دەبن هەتاوەکو ڕێکاری پێویست نەگیرێتەبەر لەڕێگەی زیادکردنی ڕێژە و پانتایی سەوزایی لە ناوچە بیابانییەکان" و هەروەها جەختیکردەوە کە "وەزارەت لیژنەیەکی هەیە کە هەماهەنگی دەکات لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و ئاو و خوێندنی باڵا و هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش کار دەکات."
باسی لەوەشکرد کە "60%ی ئەو زەوییانەی بۆ کشتوکاڵ دەستیان داوە ئێستا لەدەستچوون بەهۆی وشکەساڵی و داگیرکردنیانەوە و گۆڕینیان بە ناوچەی نیشتەجێبوون."
فەلاحی جەختیکردەوە کە "چەندین باخی گەورەی سوتێنراون بۆ ئەوەی دواتر وەک شوێنی نیشتەجێبوون بفرۆشرێن، تائێستاش ئەوە بەردەوامە سەرباری چەندین بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاگرتنی."