گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

جوڵاندنى هێز بەرەو کۆرمۆر..راپۆرتێکى ئەمەریکى باسى ناکۆکییەکان لەسەر هەناردەکردنى غاز دەکات

2022.04.11 - 17:13
App store icon Play store icon Play store icon
جوڵاندنى هێز بەرەو کۆرمۆر..راپۆرتێکى ئەمەریکى باسى ناکۆکییەکان لەسەر هەناردەکردنى غاز دەکات

ناس کورد-

 

لە کاتێکدا هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی نەوتی هەرێمی کوردستان ناکۆکن، مەسەلەی ناردنە دەرەوەی غازیش، کێشەی نێوانیانی قوڵترکردەوە، بەتایبەت پارتی هەوڵی ناردنە دەرەوەی غاز لە ڕێگەی تورکیاوە دەدات و یەکێتیش ناڕازیە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى دەنگى ئەمەریکا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتەکە (11-4-2022) پارتی دەیەوێت غازی سنوری پارێزگای سلێمانی هەناردەی دەرەوە بکات، یەکێتی نیشتیمانیش کە لەو پارێزگایە باڵادەستە، ڕازی نییە بەو هەنگاوەی پارتی و ڕێگری لێدەکات.

 

ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتى "دۆسیە ئابووریەکان ڕەهەندی سیاسیان هەیە، تۆ ناتوانیت قسە لەسەر ڕێککەوتن بکەی لەبواری غاز، لەکاتێکدا هێشتا دۆسیەی نەوت چارەسەر نەکراوە، پارتی دۆسیەی نەوتی باش ئیدارە نەداوە، چۆن دەبێت دۆسیەی غازیشی ڕادەست بکەی."

 

ڕوونیشیکردەوە، کوردستان باجی هەڵەکانی 15 ساڵی ڕابردووی داوە، بۆیە هەرێم پێویستی بەهەڵوەستە کردنە، وتی"دەبێت پارتی ڕاوێژ بە یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەدەستی قەوماوە، کەچی پارتی وا مامەڵە دەکات هیچ نەقەومابێت."

 

بەپێی راپۆرتەکە، هەندێک سەرچاوە باسیان لە ناردنی هێز لە لایەن یەکێتی نیشتیمانەوە کردووە بۆ کێڵگەی غازی کۆرومۆر کرد، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم زانیاریەی پشتڕاست نەکردەوە.

 

ستران عەبدوڵا لە بارەی ناردنی هێز لەلایەن حیزبەکەی بۆ کێڵگەی غازی کۆرومۆر، وتی"مەسەلە بردنی هێز نیە، پارتی هێز بەکاردەهێنێت، خۆ تیپی مۆسیقا بەکارناهێنێت بۆ بردنی غاز، دۆسیەی نەوت و غاز سیاسیە و پێویستی بەئیدارەی سیاسی هەیە، بەداخەوە پارتی لە ئیدارەدانی سیاسی ئەم دۆسیە شکستی هێناوە، حەقە خەڵکی تر بکاتە شەریک بۆ چارەسەرکردنی شکستەکانی، پارتی هەڵە بە هەڵەی تر چارەسەر دەکات، دەبێت ئەمە ڕابوەستێ، ئەگەر ئێمە ڕاینەوەستێنین، پارتی لەدەستی دەشکێت."

 

بەپێی راپۆرتەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە کێڵگەی غازی کۆرومۆری ناوچەی چەمچەماڵەوە، غاز بەبۆری بۆ هەولێر و لەوێشەوە هەناردەی دەرەوەی بکات، بەڵام ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی کارەکەی ڕاگرتووە.

 

ئەکرەم ساڵەح ئەندامی سەرکردایەتی پارتی وتى "هەموو ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بەکاروباری حکومەت و بەڕێوەبردنەوە، نابێت حیزب دەستوەردانیان تێدا بکات، ئەو حیزبانەی بەشدارن لەحکومەتدا و تێبینیان هەیە، دەبێت تێبینیەکانیان لەڕێگەی تیمی حکومەتەوە بگەیەنن، بەپێچەوانەوە ڕەوشی حوکمڕانی خراپ دەبێت و ناکۆکی سیاسی لێدەکەوێتەوە، کە لەبەرژەوەندی دۆسیەکە و خەڵکیش نیە."