ناس کورد-
میدیای مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دوو هۆکار بۆ دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی مانگی سێ ئاشکرا دەکات کە یەکێکیان دەوامنەکردنی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەی چاودێر لە بابەتێکدا بەناوی "بۆچی موچەی مانگی سێ دابەش ناكرێت؟" دەڵێت، هەرچەندە بڕیاربوو دوێنێ شەممە (2ی نیسانی 2022) وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی مانگی ئازار ڕابگەیەنێت، بەڵام بۆ ئەوەی تاوەكو جەژنی رەمەزان یەك موچە بدرێت، راگەیاندنی خشتەكە دواخراوە."
دەشڵێت، "بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ یەكشەممە لە وەزارەتی داراییەوە تایبەت دراونەتە چاودێر، هەرچەندە بڕی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری موچەخۆران و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە تاوەكو جەژنی رەمەزان، تەنیا یەك مووچە بدرێت، هێشتا وەزارەتی دارایی لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، فەرمانی راگەیاندنی لیستی مووچەی پێ نەدراوە."
ڕۆژنامە ئاماژەی بەوەش داوە کە "یەكێكی دیكە لەهۆكارەكان دەوامنەكردنی وەزیری داراییە، بەهۆی نیگەرانیەكانی لەدروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانیدا."
ڕانەگەیاندنی دابەشكردنی موچە لەكاتێكدایە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتى، "سەرەتای ئەم هەفتەیە دەست بەدابەش كردنی مووچە دەكرێت"!.
دوێنێ عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ماوەی حەوت ڕۆژە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە ئامادەیە بەڵام دابەش ناکرێت و دەڵێت، "درێژکردنەوەی ماوەی دابەشکردنی موچە بۆ ئەوەی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا یەک موچە بدرێت کارێکی نارەوایە."