ناس کورد-
وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و هۆشداریش دەدات، ھەرکەس و بازرگانێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە، دەشڵێت، دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکیش لەڕێگەیی بریکارەکانەوە بەردەوامە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم (یەکشەممە 3-4-2022) ڕایگەیاند، "وێڕاى پیرۆزبایمان لەسەرجەم موسوڵمانان و هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەک وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى ڕایدەگەیەنین لەم مانگە پیرۆزە دا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چاودێریکردنى بازاڕ و کۆنترۆڵکردنى نرخى خۆراک و پێداویستییەکانى هاویڵاتیان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرکەس و بازرگانێک سەرپێچى بکات رووبەڕووى سزاى یاسایی دەبێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش تیمەکانى چاودێرى بازرگانى سەر بە بەرێوەبەرایەتى گشتى بازرگانى وەزارەتمان بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان."
ڕوونیشیکردووەتەوە، "هەروەها هاوڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە، هاوکارمان بن لەکاتی بینینی هەر قۆرخ کارى و دیاریدەیەکى نا ئاسایى لە مامەڵە کردن لە خوراک و پێداویستیەکانى خەلک و بوونی هەر کاڵایەکی بەسەرچوو تیمەکانمان ئاگاداربکەنەوە."
جەختیشیکردووەتەوە، " بەپێویستیشی دەزانین، دڵنیایی بدەینە هاووڵاتیان کەوا خۆراک و کەل و پەلی بەشی پێداویستی خەڵک، لەکۆگاکاندا هەیە و بە هاوکاری بازرگانەکان دابینکراوە، هەروەها دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکیش لەڕێگەیی بریکارەکانەوە بەردەوامە."