ناس کورد-
لەیەکەم پەیامدا دوای تویتەکەی سەدر، سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، داواکارییەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و پێویستە سەدر بگەڕێتەوە بۆ نێو ماڵی شیعە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەبار مەعموری، سەرکردە لە "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی شیعەکان (پێنجشەممە 31-3-2022) لە لێدوانێکدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "داواکارییەکانمان هێشتا هەر ئەوەیە کە بەڕێز موقتەدا سەدر بێن و لەگەڵ گەورەترین کوتلەی شیعی سەرۆک وەزیران دیاری بکەن، ئێمە بەدوای پۆست و پلەوە نین."
وتیشی، "سەدر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ کوتلەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کاری کردووە، بۆچی ئێستا بەبێ ئەوان کار دەکات، لەکاتێکدا ئەو لایەنانی هاوپەیمانیی لەگەڵ بەستوون تۆمەتبارن بە گەندەڵی و پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان."
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت سەدر بگەڕێتەوە بۆ نێو ماڵی شیعە و لەڕیگەی ئەم ماڵەشەوە دەست بە پێکهێنانی حکومەت بکات."
لە تویتێکدا موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر (پێنجشەممە 31-3-2022) پەیامێکی ئاڕاستەی "سێیەکی پەکخەر" و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی کرد و ڕایگەیاند، "دەرفەتێک دەدەم بە سێیەکی پەکخەر بۆ دانوستان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بەبێ کوتلەی سەدر."
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە تا 9ی مانگی شەوال، واتە ماوەی 40 ڕۆژ دەرفەت لە بەردەم ئەو لایەنانەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت.