ناس کورد-
ڕێبوار عەبدولڕەحمان، وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و کاندیدی جوڵانەوەکە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ڕایگەیاند، "گەرەنتیمان لە سەدرییەکان وەرگرتووە کە ئەو 17 خاڵە دەکرێت کە ئێمە پێشکەشمان کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێبوار عەبدولڕەحمان لە بینای پەرلەمانەوە بە میدیای فەرمیی جوڵانەوەکەی ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنی ئێمە لەگەڵ سەدرییەکان لەسەر چوونەژوورەوەیە بۆ دانیشتنەکە نەک دەنگدان بە کاندیدەکەیان."
دەشڵێت، "سەدرییەکان سەرجەم ئەو 17 خاڵەیان قبوڵ کردووە کە ئێمە وەک مەرج دامانناوە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار."
ئەو 17 خاڵەی هاوپەیمانی لەپێناوخەڵک پێشکەشی هاوپەیمانی سێ قۆڵی کردووە بۆ بەشداری لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ:
١- حکومەت نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاوڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاوڵاتییانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن.
٢- بڕی سوتەمەنی بڕیاردراو "نەوت و بەنزین" رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێم تیایدا.
٣- ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەوەی لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی پێشووەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار وکفری).
٤- کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە هەرێم و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاوڵاتییانی هەرێمیش بگرێتەوە.
٥- هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ موچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە بدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.
٦- هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابوری کار لەسەر کراو و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.
٧-لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین (رووداوەکانی سنک و گۆڕەپانی شۆرشی تشرین و گۆڕەپانی سەدر و گۆڕەپانی فڕۆکەخانە و سەرجەم گۆڕەپانەکانی دیکە) لەسەرو هەمووشیانەوە رووداوەکانی حزری زەیتون و ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی وەک "جەمیل شمری و حادل دەخیلی و عومەر نزار " و ئەوانی دیکەش.
٨- ئاشکرا کردنی سەرجەم ئەوکەسانەی رفێندراون و چارەنوسیان دیارنییە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسییەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش لەنێویشیاندا دۆسییەکانی "سەجاد عێراقی و فەرەح بەدری و واعی جبوری و عەلی جاسب و جەلال شەحمانی".
٩- لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بە بێ تاوان بناسێنرێن.
١٠- چارەسەری راستەقینە و دروست بۆ دۆسیەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت.
١١- کار لەسەر پرۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دوو ساڵ بێت و بە جدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.
١٢- یاسای داواکاری گشتی چالاک بکرێت.
١٣- جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتی کارکردنی سیاسی لێ بسەنرێتەوە.
١٤- یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.
١٥- سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشینرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنوردار دەکات کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێنراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.
١٦- بەرنامەیەکی روون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتووی بۆ دانبرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێ کارن.
١٧- گەرەنتی کردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دحزینەوە میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دورخستنەوەی هەر دەستوەردانێکی حزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.