گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەكێتی لەبارەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان خوی یەكلایی كردەوە

2022.03.25 - 22:24
App store icon Play store icon Play store icon
یەكێتی لەبارەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان خوی یەكلایی كردەوە

ناس كورد-
فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە خاوەنی 18 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بەشداری دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمان نەكات كە تایبەتە لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 


فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی هەینی (25-3-2022) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی بەشدارییکردن یان نەکردنیان لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، "ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك بەرپرسیار و پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان و پارێزەری یەكڕیزی پێكهاتەكان و خاكی عێراق، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان لە دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشدار نابین."

ئاماژە بەوە دراوە "لەبەر نەبوونی هێزێكی تۆكمەی نیشتمانیی سەربازی لە سەرانسەری وڵات و بوونی گرووپی جیا جیا، هێشتا پێكهاتەكانی عێراق پێویستیان بە لێکتێگەیشتن و سازان هەیە بۆ جێگیركردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتییەكان."

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق 18 کورسی پەرلەمانی هەیە و دەشڵێت "ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لەپێناو حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانیی و داهاتوویەكی باشتر نییە بۆ گەلانی عێراق، بەڵكو هەندێ لایەن، بەپێی بەرژەوەندی تایبەت و تێڕوانینی‌ نا ڕاست، لە ئاوی لێڵ مەلە دەكەن."

دەقی ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق

سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە بریارە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، ئەگەر بڕیارە، بیر لە پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەهێز بكرێتەوە، لۆژیك لەكوێیە؟ ئەوەی دوێنی لە سەنگەری بەرگری لە سیستمی عێراقی نوێ و تێكشكاندنی پاشماوەی بەعسییەكان و تیرۆریستانی قاعیدە و داعش، بوو، پێی دەگوترێت بڕۆ ببە بە ئۆپۆزیسیۆن.

لەبەر نەبوونی هێزێكی تۆكمەی نیشتمانیی سەربازی لە سەرانسەری وڵات و بوونی گرووپی جیا جیا، هێشتا پێكهاتەكانی عێراق پێویستیان بە تەوافوق و سازان هەیە بۆ جێگیركردنی زیاتری دامەزراوە دەوڵەتییەكان.

بۆیە دامەزراندنی حكومەتێكی بە هێز، كە دەنگی هەمووانی تێدا بێت و وەڵامدەرەوەی هەموو ئاڵنگارییەكانی سەر پرۆسەی سیاسی عیراق بێت، هێشتا پێویستیمان بە پرەنسیپی سازانە.

ئەو بیركردنەوەیە تەنیا بۆ ناو ماڵی شیعەش لۆژیكی نییە، ئەی ئەمە چ جۆرە بیركردنەوە و چ لۆژیكێكە، هێشتا حكومەتی هەرێم كۆمەڵێك كێشەی چارەسەرنەكراوی دەستووری و قانوونی هەیە لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی، گرینگترینیان ماددەی 140ی دەستوور و دۆسیەی نەوت و پرسی هێزی پێشمەرگەیە، باسی حكومەتێكی زۆرینە بكات كە بە دەنگی كورد هیچ پرۆژە یاسایەك، جگە لەناو هۆڵی پەرلەمان، بەڵكو لە ئەنجوومەنی داهاتووی وەزیرانیش تێپەڕ نابێت.

كەواتە هەموو هەوڵ و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان بكەینە قوربانی دەستكەوتی چەند كەسێك كە هیچ بەهایەك بۆ قوربانییەكانی گەلەكەمان دانانێن و بە دوای دروشمێك كەوتوون، كە هیچ باوەڕیان بە مافی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی عیراقیش نییە.

بۆیە ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لەپێناو حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانیی و داهاتوویەكی باشتر نییە بۆ گەلانی عێراق، بەڵكو هەندێ لایەن، بەپێی بەرژەوەندی تایبەت و تێڕوانینی‌ نا ڕاست، لە ئاوی لێڵ مەلە دەكەن.

ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك بەرپرسیار و پارێزەری مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان و پارێزەری یەكڕیزی پێكهاتەكان و خاكی عێراق، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمان هاوڕان لە دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەشدار نابین.