کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح سەدان جوتیاری سنوری پارێزگای سلێمانی ناویان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کڕینی گەنمەکانیان نەگەڕاوەتەوە ئەوەش وایکردووە ئەو جوتیارانە لە بازاردا بەنرخێکی کەم گەنمەکانیان بفرۆشن. . شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ناوی زیاتر لە 20هەزار جوتیاری سنوری پارێزگای سلێمانی لەلایەن بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵەوە بۆ حکومەتی عێراق بەرزکراوەتەوە، بەڵام نزیکەی 500 جوتیار تائێستا ناویان نەگەڕاوەتەوە". . بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی وتیشی : "هۆکاری نەگەڕانەوەی ناوی ئەو جوتیارانە تائێستا نەزانراوە، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانیەوە دروستکراوە بۆ بە دواداچون لەو بابەتە." . ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جوتیارانەی ناویان نەهاتووەتە دەکەونە سنوری عەربەت، دەربەندیخان، بەکرە جۆ و بازیان. . بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی جەختی لەوەشکردوە، بە هۆی نەگەڕانەوەی ناویان، ئەو جوتیارانە دوچاری زیانێکی زۆر بوونەتەوە و ناچاربوون گەنمەکانیان لە بازرادا بە نرخێکی زۆر کەم ساغبکنەوە. . "ناوەکان دوو جار بەرزدەکرێنەوە لە وەرزی پاییز و لە کاتی وەرزی دروێنەدا، ئەو ناوانەش لەڕێگەی چوار وەزارتەوە بەرزدەکرێتەوە، وەزارتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق". شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی وای وت. . بە پێی زانیارییەکانی ناس کورد، حکومەتی عێراق ساڵانە نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت کە دەکاتە نزیکەی لە 30% کۆی گەنمی هەموو عێراق، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 100 هەزاری تۆنی دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە. . بەوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، ئەمە یەکەم جار نییە جوتیارانی پارێزگای سلێمانی توشی ئەم کێشە دەبن ساڵانی ڕابردوش حاڵەتێکی هاوشێوە ڕوویداوە بەڵام توانراوە چارەسەر بکرێت.