ناس کورد-
بەهۆی ئەوەی نەورۆز بە جەژنی کافر و ئاگرپەرستەکان ناودەبات و ئەوانەی ئەو یادەش بکەنەوە بەموشریک ئەژمار دەکات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ مامۆستایەکی ئاینی لە کۆیە دەرچوو و لە وتاردانیش دوورخرایەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی کۆیە ڕایگەیاند، دوێنێ شەممە 19-3-2022، گرتەیەکی ڤیدیۆیی مامۆستایەکی ئایینی بەناوی" رزگار کەریم وەھاب" لەتۆڕە کۆمەلایەتیەکان بڵاوبووەتەوە کە تیایدا ناوبراو بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز بە جەژنی کافر و ئاگرپەرستەکان ناودەبات و ئەوانەی ئەو یادەش بکەنەوە بەموشریک ئەژماردەکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر دوێنێ شەممە بەڕێز داواکاری گشتی بەپێی رێکاری یاسایی داوای لەدادگای لێکۆڵینەوەی کۆیە کردووە داوای یاسایی لەسەر بجوڵێنن و لە ئەنجامدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، سەرەرای گرتنەبەری رێکاری کارگێڕی و دوورخستنەوەی ناوبراو لەکاری ووتارخوێنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی کۆیە."
ئەوقافی کۆیە دەشڵێت، " ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کەسایەتیە ئاینیە دڵسۆزەکان لە رابردوو ئێستادا لەرێزی پێشەوەی نیشتیمان پەروەراندا بوونە و بگرە سەرکردایەتی زۆرشۆرش و راپەرینەکانیشیان کردووە، بۆیە قسە و ووتەکانی کەسێک تەنھا دەربڕینی ڕای تاکە کەسی خۆیەتی و بێگومان لەناو ھەموو چین و توێژەکانیش بیر و ئایدیای جیاواز و نەشازیش ھەیە، لە کۆتاییدا نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لەھەموو لایەک پیرۆز دەکەین بە ھیوای بەسەر بردنی کاتێکی خۆش لە رۆژانی نەورۆزدا."