گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’یاساكە دژی مادەیەكی دەستورە’’

هەرێمی كوردستان داوایەكی تری لە دادگای فیدراڵی دۆڕاند

2022.03.17 - 22:49
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێمی كوردستان داوایەكی تری لە دادگای فیدراڵی دۆڕاند

ناس كورد - تایبەت

دادگای فیدراڵی بڕیاری دا بە ڕەتكردنەوەی مادەیەك لە یاسای خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە زانكۆكان دەكاتە مەرجەعی كۆتایی سەرجەم سكاڵاكانی پەیوەست بە وەرگرتن و گواستنەوە و تاقیكردنەوەكان و كاروباری زانستی و پلە بەرزكردنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی بەدواداچوونی "ناس كورد" (17 ی ئازاری 2022) وادەی دادبینی لە سكاڵاكەدا سەرەتای ئەم مانگە (ئازار) بووە، پاش تاوتوێكردنیش دادگای فیدراڵی مادەی 46 ی لە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2008ی  وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ڕەتكردووەتەوە كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە و پارێزبەندیی دەداتە رێكارەكانی زانكۆ لەبەرامبەر دادگاكان و پەڵپ گرتن و تانەدان. 

 

بەگوێرەی سەرچاوە یاساییەكانی "ناس كورد" ئەو مادەیەی یاسای خوێندنی باڵای هەرێم دژی مادەی 100 ی دەستوری هەمیشەیی عێراقە كە دانانی پارێزبەندی بۆ یاساكان یاساغ دەكات و مافی تانەدان و سكاڵا و پەڵپگرتن كراوە دەكات.  

 

هەروەها "ناس كورد" ئەوەشی زانیوە هێشتا دەقی حوكمی دادگا بڵاونەكراوەتەوە و پاش بڵاوكردنەوەی ئەوە پەرلەمانی كوردستان لە ڕووی دەستورییەوە ملكەچ دەبێت بەهەمواركردنی ئەو مادەیە لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا. 

 

بەگوێرەی مادە تانە لێدراوەكە تەنها زانكۆكان پێداچوونەوە دەكەن بەو سكاڵایانەی پەیوەستن بە وەرگرتن، گواستنەوە، تاقیكردنەوە، سزاكان، تاقیكردنەوەكان، فەسڵكردن و پشتڕاستكردنەوە و هەڵسەنگاندنی بڕوانامەكان و پلە زانستییەكانی پاش قۆناغی ئامادەیی و بەرزكردنەوەی پلە، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەم پارێزبەندییەی ڕەتكردووەتەوە و دەرگای تانەدانی لەناو خوێندنی باڵادا كردووەتەوە. 

 

سكاڵاكە لەلایەن ئاكام ئیدریس عەباس پێشكەشی دادگا كراوە و پارێزەرەكەی كاروان عەبدولكەریمە و ژمارەكەی 143 ی فیدراڵییە و لە 2018 پێشكەش كراوە.