ناس کورد-
دادگای ڕوسیا بڕیاری دا بە غەرامەکردنی ئەو ژنە ڕۆژنامەنوسە ڕوسییەی کە لە پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵەکەیدا دروشمی "نا بۆ جەنگی" بەرزکردەوە و سەرکۆنەی شەڕەکەی کرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، مارینا ئۆفسیانیکوفا بە 30 هەزار ڕۆبڵی ڕوسی (280 دۆلاری ئەمریکی) سزا دراوە بەهۆی سەرپێچیکردنی یاسای ناڕەزایەتییەکان.
مارینا ئۆفسیانیکوفا کە ڕۆژنامەنوسێکی کەناڵی یەکی ڕوسیایە، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە پەخشی ڕاستەوخۆدا و لەکاتی هەواڵەکاندا خۆی کرد بە ستۆدیۆکەدا و دروشمی دژی هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەرزکردەوە.
مارینا بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و ڕوسی نوسیبوی، "نەخێر بۆ جەنگ، جەنگ بوەستێنن، بڕوا بە بانگەشەکان مەکەن، ئەوان درۆمان لەگەڵ دەکەن"، هەروەها نوسیبوی "ڕوسەکان دژی جەنگن."
ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە سەر بە حکومەتی ڕوسیایە و لە ڕوماڵ و بەرنامەکانیدا پشتگیری هێرشی ڕوسیای بۆسەر ئۆکرانیا دەکرد.