ناس کورد-
هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى، ئێرانى تۆمەتبارکرد بەوەى دووجار پاساوەکانى لەبارەى هێرشە موشەکییەکەى هەولێرەوە گۆڕیوە، لەکاتێکدا هەردووکیان "ناڕاستن".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زێبارى لە تویتێکدا (15-3-2022) ئاماژەى بەوەکردووە، گێڕانەوەى ئێرانى بۆ هێرشەکەى هەولێر لە گۆڕاندایە، دواى بۆردومانکردنى هاوڵاتییانى مەدەنى وتیان بنکەیەکى مۆسادیان بۆردومانکردووە، لەکاردانەوەى کوژرانى دوو سەرکردەى فەیلەقى قودس لە سوریا، بەڵام ئەوە راست نەبوو.
وتیشى دواتر پاساوەکەیان گۆڕى بەوەى لە 14 ى شوبات لە هەولێرەوە بۆردومانى بارەگایەکى پاسداران کراوە لە کرماشان، بەڵام ئەوەش راست نییە.
شەوی 12/13-3-2022 هێرشێكی مووشەكی کرایەسەر چەند ناوچەیەك لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و سوپاى پاسدارانى ئێرانیش بەرپرسیارێتى هێرشەکەى لەئەستۆ گرت.
لە راگەیەنراوێکدا سوپای پاسدارانی ئێران (یەکشەممە 13-3-2022) ڕایگەیاند، "لەدوای تاوانەكانی ئەمدواییەی ئیسرائیل ڕامانگەیاند کە ئەو تاوانانە بە بێ وەڵام تێناپەڕێت، هەربۆیە شەوی ڕابردوو ناوەندی ستراتیژیی پلانگێڕییەكانی ئیسرائیل بە مووشەكی سوپای پاسداران كرایە ئامانج."
لەبەرانبەردا حکومەتى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا رەتیکردەوە شوێنی بە ئامانجکراو بنکەی ئیسرائیلی بێت و دەڵێت، "شوێنی بەئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە".