ناس کورد-
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەک نییە کە هێرشەکانى هەولێر بۆ ئامانجگرتنی ئەمەریکا بووبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نێد پرایس لە بەیاننامەیەکدا (13-3-2022) کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند "ئەمەریکا زۆر بە تووندی سەرکۆنەی لێدانە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی سەر #هەولێر ، عێراق، کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوون، دەکات".
وتیشى "لێدانە مووشەکییەکان پێشێلکارییەکی زۆر خراپی سەر سەروەری عێراق بوون. هیچ یەکێک لە باڵەخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیانییان پێنەگەیشتووە و هیچ کارمەندێک بریندار نەبووە".
"ئێمە هیچ ئاماژەیەکمان نیە کە هێرشەکان بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووبن. ئێران پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی ڕابگرێت و ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت و دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق بوەستێنێت."
نێد پرایس جەختیکردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشە عێراقیەکاندایە، لەوانەش هاوبەشەکانیان لە هەرێمی کوردستان و یارمەتی هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە دەدەن بۆ ئەوە ىبەرگری لە خۆیان بکەن.