کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-شۆڕش محەمەد
ئامادەكارییەكان بۆ ناردنی گوێدرێژە بریندارەكەی سلێمانی بۆ ئەمریكا تەواو بوە و لە سێ مانگی تردا كەرەكە بۆ چارەسەركردن دەبرێتە ئەو وڵاتەو هەر لەوێش دەمێنێتەوە، نایەتەوە بۆ كوردستان.
ئاوات حوسامەدین چالاكوانی بواری مافەكانی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتی و چاودێری ژیان و تەندروستی گوێدرێژە بریندارەكەی سلێمانی دەكات تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "نامەیەكم بۆ كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم نوسی كە ئەو كەرە بریندارە لە هەرێم چارەسەری نییە و ئەوانیش دۆسیەكەیان دایە چەند رێكخراوێكی ئاژەڵدۆستی، یەكێك لەو رێكخراوانە كە بەرپرسەكەی ئافرەتێكە پەیوەندی پێوە كردم و داوای زانیاری و وێنەی كرد لە بارەی کەرەکەوە".
دواجار هەوڵەكەی ئاوات بۆ دۆزینەوەی رێكخراوێكی ئەمریكی بۆ ئەوەی گوێدرێژەکە بگرێتەخۆی ئەنجامی دەبێت و لەدوای ناردنی زانیاری و وێنە بۆ رێكخراوەكە، بەڵێنیان داوە لە سێ مانگی تردا كە هاوكاتە لەگەڵ سەردانیكردنی رێكخراوەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان گوێدرێژە بریندارەكە بۆ چارەسەركردن لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ئەمریكا.
ئاوات نیگەران بوو لەوەی كە بەهۆی بەدەنگەوە نەهاتنی حكومەت و سەرمایەدارو دەوڵەمەندەكانی سلێمانی، بۆ دابینكردنی خەرجی گەیاندنی گوێدرێژەکە بە ئەمریكا، نەتوانرا زوتر ڕادەستی ئەو رێكخراوە بكرێت.
بۆ ئەو مەبەستە چەندین نامە بۆ بەرپرسو دەوڵەمەندەكان دەنێرێتو بەڵام هەریەكەو بە بیانووی جیاجیا بێئومێدی دەكەنو تەنانەت وەك خۆی وتی "بەشێكیان بلۆكی دەكەن".
وتیشی "نامەی تایبەتیشم لەم بارەیەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نارد، لەرێگەی چاوپێكەوتنەكانم لە میدیاکانەوە داوام لە حكومەتی هەرێم كرد كە بۆ ئەم بابەتە هاوكاریمان بكەن بەڵام، وەڵام نەدرامەوە".
پاش ئەوەی ئەو چالاکوانەی بواری مافی ئاژەڵان بێهیوا دەبێت لەسەر خەرجی ناوخۆی كوردستان كەرەكە بگەیەنن بەو رێكخراوە، داوا لە بەرپرسی رێكخراوەكە دەكات هەركات سەردانی كوردستانیان كرد گوێدرێژەکە ببەن و پێشیانی وتوە "ئیتر كەرەكە مەهێننەوە و با هەر لەوێ بێت".
لە كوردستان هیچ شوێنێكی تایبەت بە بەخێوكردن و چاودێریكردنی ئەو ئاژەڵانە نییە کە پێویستیانە و چالاکوانانی ئەو بوارەش پێیان وایە "هێشتاش هۆشیاری خەڵك لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵاندا وەك پێویست نییە".
تا سێ مانگی تر خەرجێکانی بەخێوکردنی گوێدرێژەکە لە ئەستۆی ئاوات خۆیەتی، تا ئێستاش هیچ کەسێک وەڵامی هاوارەکانی بۆ هاوکاریکردنی ئاژەڵەکە نەداوەتەوە.
"دواجار بەهاوكاری هاوسەرەكەم و هاوڕێكانم باخێكمان دۆزییەوە كە خاوەنەكەی ناوی حاجی واحیدە، كە بەسوپاسەوە باخەكەی خۆی تەرخان كرد بۆ پاراستنی كەرەكە" ئاوات حوسامەدین وای وت.
لەبارەی دۆخی تەندروستی ئێستای گوێدرێژە، ئاوات حوسامەدین ئاماژەی بەوەکرد: "تەندروستی كەرەكە باشترە لەوەی پێشوو و لەدوای دەركردنی لە نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری تاسڵوجە، باشتر بووە چونكە لەوێ خواردنی باشیان نەدەدایە".