ناس کورد-
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا (شوبات) بڕی هەناردەی نەوت بەرزبووەتەوە بۆ سێ ملیۆن و 314 هەزار بەرمیل و عێراق بایی هەشت ملیار و 54 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 2-3-2022، دەرچووە، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ئۆپێک پڵەس چوار ملیۆن و 325 هەزار بەرمیل بووە بۆ مانگی شوبات، بەڵام لە مانگی کانونی یەکەمدا چوار ملیۆن و 281 هەزار بەرمیل بووە.
ڕاشیگەیاندووە، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاردا دەگاتە چوار ملیۆن و 370 هەزار بەرمیل.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە کە "نرخی یەک بەرمیل نەوت لە مانگی شوباتدا 92.083 دۆلار بووە و بایی هەشت ملیار و 54 ملیۆن نەوت فرۆشراوە، لەکاتێکدا مانگی کانونی یەکەم بە 83.825 دۆلار فرۆشراوە."
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەڵێت، ئاستی هەناردەی نەوتی خاو بەبێ کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان 3.38% بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پشکەکەی لە ئۆپێک پڵەس.
هەر بەپێی سۆمۆ، هەناردەی نەوتی خاوی کەرکوک لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان 36 دابەزیوە و تەنها 52 هەزار و 691 بەرمیل بووە.