گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’دەستورى و پێچەوانە’’..شرۆڤەیەکى یاسایی بۆ بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى

2022.03.01 - 23:36
App store icon Play store icon Play store icon
’’دەستورى و پێچەوانە’’..شرۆڤەیەکى یاسایی بۆ بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى

ناس کورد-

  

د. یوسف محەمەد سادق جێگری سەرۆكی لیژنەی هەموارە دەستورییەكان لەخولى چوارەمی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بڕگەى یەکەمى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەبارەى دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار دەستورییە و بڕگەى دووەمیشى ھیچ پاڵپشتێکی دەستوری و یاسایی نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یوسف محەمەد لە شرۆڤەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، بڕگەی یەکەمی بڕیارەکەی دادگا سەبارەت بە رەتکردنەوەی بڕیارەکەى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، بە تەواوی دروست و دەستورییە. چونکە دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ھیچ پاڵپشتێکی یاسایی و دەستوریی نەبوو.

 

دەشڵێت، بڕگەی دووەمی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە باس لەوە دەکات «دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران دەبێ نەک سەرۆکایەتییەکەی و، دەبێ لە ماوەیەکی کەمدا سەرۆککۆمار ھەڵبژێردرێ»، ھیچ پاڵپشتێکی دەستوری و یاسایی نییە.

 

دەقى شرۆڤەکە:

سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای  فیدراڵی..

 

دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ بڕیاردان لەسەر ئەو تانانەی یەکلاکردەوە کە لەسەر بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەبەردەم دادگاکە تۆمار کرا بون.

بڕگەی یەکەمی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا سەبارەت بە رەدکردنەوەی بڕیاری ئاماژەپێدراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، بە تەواوی دروست و دەستورییە. چونکە دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ھیچ پاڵپشتێکی یاسایی و دەستوریی نەبو. ئێمە پێشتر لە چەند تویتێکدا ئاماژەمان بەوەدا بو. رون بو کە ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەندیی بە رەدکردنەوەی خۆپاڵاوتنی «ھشیار محمود زیباري» ھەبو.

بڕگەی دوەمی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە باس لەوە دەکات «دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران دەبێ نەک سەرۆکایەتییەکەی و، دەبێ لە ماوەیەکی کەمدا سەرۆککۆمار ھەڵبژێردرێ»، ھیچ پاڵپشتێکی دەستوری و یاسایی نییە و ئەم تێبینییانەمان لەسەری ھەیە:

١. بەپێی بڕیارێکی پێشوی دادگای فیدراڵی ژمارە(١٤٠ وموحدتھا ١٤١/ اتحادیة/ ٢٠١٨) لە (٢٣/ ١٢/ ٢٠١٨) ، دادگا مادەیەکی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی رەدکردۆتەوە کە ماف بە ئەنجومەنی نوێنەران دەدات بڕیاری تەشریعی دەربکات. بۆیە بڕگەی دوەمی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی بڕیارێکی پێشوی خۆیەتی..

 

٢. تەنانەت ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیارشی ھەبێت، نابێت پێچەوانەی یاسا بێت. بڕگەی یەکەمی مادەی ٣ لە یاسای حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ماوەی خۆپاڵاوتنی دیاری کردوە کە نابێت لە سێ رۆژ زیاتر بێت.

دەرکردنی ھەر بڕیارێکی پێچەوانەی ئەو مادەیە، نایاساییە.

 

٣. سەبارەت بە دیاری کردنی یەک جار لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵی بۆ دوبارەکردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن و، ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ماوەیەکی کەم «بی دیاری کردنی کاتەکەی»، ئەمە ھیچ پاڵپشتێکی دەستوری و یاسایی  نییە. حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە یاسایەک رێکخراوە و، ھەر رایەکی دادگای باڵای فیدراڵی لەم بارەیەوە، دەستتێوەردانە لە کاری یاسادانان و، کاری دادگا نییە.

 

لە ئێستادا ھیچ پێویستییەک نییە بۆ دوبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە ئەم ھەڵبژاردنە بکاتە ئەولەوییەتی کارەکانی و، لە بڕگەی یەکەمی ھەمو خشتەی کارەکانی دابنێت تا ئەنجامدانی.

 

ئەگەریش بویسترێ لەبەر ھەر ھۆیەک دوبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بکرێتەوە، پێویستە یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی (٢٠١٢) ھەموار بکرێتەوە.