ناس کورد-
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دیکەی لەبارەی قەرزی سەر هاووڵاتیان دەرکرد و بە دوو شێواز هاوکارییان دەکات بۆ دانەوەی قەرزەکانیان ئەویش یان بەشێوەی قیست یاخود بە یەکجار و 15% داشکاندن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەینی 25-2-2022) ڕایگەیاند، "بەمەبەستی ئاسانکاری لە دانەوەی قەرزەكانیان، خاوەن مۆڵەتەکانی هۆتێل، مۆتێل، ڕێستۆرانت، کافێ، سەرجەم بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان، دەتوانن قەرزە کەڵەکەبووەکانیان، بەشێوەی قیست و داشکاندن لە هەر سێ سێكتەری شارەوانی، ئاو و گەشتوگوزار بەشێوەی قیست یاخود لەماوەی 19 ڕۆژدا بیگەڕێننەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو هاووڵاتییانەی بە یەكجار قەرزەكانیان بدەنەوە، لە داشکاندن بەڕێژەی 15% سوودمەند دەبن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دوای دەستنیشانکردنی ھەر قیستێک، هاووڵاتییان پابەند دەبن مانگانە بە دانەوەی قیستەكانیان و دەتوانن بە ماوەی 12 مانگ بیگەڕێننەوە."
زیاتر بخوێنەرەوە: گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار
ڕوونیشیکردووتەوە، "ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت قەرزە كەڵەکەبووەکانیان بە یەكجار و بەبێ قیست بدەنەوە، سوودمەند دەبن لە داشكاندن بەڕێژەی 15%، بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی كە بەشێوەی قیست قەرزەكانیان دەدەنەوە، داشكاندنی ڕێژەی 15% نایانگرێتەوە."