ناس کورد-
کەسایەتییەکى نزیک لە چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکان رایگەیاند، لەدواى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى جموجۆڵ لەنێوان چوارچێوەى هەماهەنگى و رەوتى سەدر دەستیپێکردووە و ئەگەر هەیە لەم چەند رۆژەدا بگەنە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەیدەر بەرزنجى کەسایەتى نزیک لە چوارچێوەى هەماهەنگى (23-2-2022) بە "ناس کورد" ى راگەیاند "رێککەوتنەکە تایبەت دەبێت بەیەکتر قبوڵکردن بەتەوافوق، دورنەخستنەوەى دەوڵەتى یاساى نورى مالیکى، هەڵبژاردنى ئارەزوومەندانە لەلایەن ئەوانەوە کە دەیانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆن".
وتیشى "هەردوو پرسی پێکهێنانى حکومەت و هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەیەکەوە دەبێت، ئێستا رەوتى سەدر رێگرى نییە کە چوارچێوەى هەماهەنگى سەرۆک وەزیرانى تەوافوقى بهێنێت، بەڵام بەمەرجى ئەوەى سەرۆک کۆماریش تەوافوقى بێت".
بەوتەى بەرزنجى، کورد لەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکەدا رۆڵى دەبێت، چوارچێوەى هەماهەنگى هەوڵدەدات یەکێتى و پارتى بگەنە رێککەوتن، ئەوەش بەستراوە بە رێککەوتنى رەوتى سەدر و چوارچێوەى هەماهەنگییەوە.
دەشڵێت، رێککەوتنى پارتى و یەکێتى دەکەوێتە سەر ئەوەى کاندیدى سەرۆک کۆمار کێ دەبێت، ئەگەر هەیە پارتى بکشێتەوە لەکێبڕکێی سەرۆک کۆمار، چونکە فشارى زۆرى ئیقلیمى و ناوخۆیی هەیە لەو بارەیەوە.