گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

شیکردنەوەیەکى نوێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى: یەکسانی هەڵبژاردن نەک کورسی

2022.02.22 - 20:40
App store icon Play store icon Play store icon
شیکردنەوەیەکى نوێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى: یەکسانی هەڵبژاردن نەک کورسی

ناس کورد-

 

د. یوسف محەمەد سادق جێگری سەرۆكی لیژنەی هەموارە دەستورییەكان لەخولى چوارەمی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەى کورسی پێکهاتەکان بۆ هێنانەدى یەکسانى و دادپەروەرییە لەشێوازى هەڵبژاردنى نوێنەرەکانیان، نەک یەکسانکردنى ژمارەى کورسییەکانیان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. یوسف محەمەد (22-2-2022)  لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" وتى "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یەکسانکردنی پێکھاتەکانی ترە لەگەڵ مەسیحی و سابیئە بەوەی ھەموو عێراق یەک بازنەی ھەڵبژاردن بێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەوانەی کێبرکێی کورسیی ئەو کۆتایانە دەکەن، نەک کێبرکێ لەسەر ئاستی چەند پارێزگایەک وەک لە مادەی ١٣/ دووەم ھاتووە. بەپێی بڕیارەکە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران دەقی تر بکاتە جێگرەوەی برگەکانی ب، د، ھ لە مادەی ١٣/ دووەم".

 

وتیشى "مەبەستى بڕیارەکە ئەوە نییە ژمارەى کورسى پێکهاتەکان یەکسان بێت، بەڵکو یەکسانى و دادپەروەرییە لەشێوازى هەڵبژاردنیان".

 

یوسف محەمەد دەشڵێت ئەو پرسە پێشینەیەکى هەیە، ئەوان لەخولى پێشووى پەرلەمان لەسەر داواکارى نوێنەرانى کوردى فەیلى داوایانکرد بازنەى هەڵبژاردنى کوردى فەیلى لەسەر ئاستى هەموو عێراق بێت نەک تەنها لەسەر ئاستى پارێزگاى واست.

 

بەپێی بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى  (22-2-2022) تەرخانکردنى كورسی تایبەت بە پێکهاتەکانى ئێزیدی و فەیلییەكان لە پەرلەمان نادەستورییە.  

 

دادوەر ڕەحیم عگێلی سەرۆكی پیشووتری دەزگای نەزاهە رایگەیاند، بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەبارەى کورسی پێکهاتەکان بۆ بەدیهێنانى یەکسانییە لەو کورسییانەى لەپەرلەمانى عێراق بۆیان تەرخانکراوە، بۆ ئەوەش پێویستە یاسایەکى تایبەت دەربکرێت.  

 

ڕەحیم عگێلی (22-2-2022) بۆ "ناس" لەبارەی دادگای فیدراڵی وتى "بڕیاری دادگا لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێك بووە كە دەڵێت لە نەینەوا كورسییەكی كۆتامان بۆ تەرخانكراوە كەچی دهۆك ناگرێتەوە، لە كاتێكدا 150 هەزار دەنگمان هەیە بەپێی تۆماری دەنگدەران و لە نەینەواش كورسییەكە هەمووكەس دەنگی بۆ ئەدات نەك تەنها ئێزیدییەكان، دادگاش بڕیاری داوە بۆ ئەوان و كوردى شەبەك و كوردی فەیلی بەبێ ئەوەی كەس سكاڵای هەبێت پێویستە یەكسانی هەبێت لە تەرخانكردنی كۆتاكانیان".  

  

وتیشى "بڕیارەكە داوای كردووە یاسایەك دەربكرێت ئەو سێ پێكهاتەیە یەكسان بكرێن لەگەڵ مەسیحییەكان و سابیئە. بەڵام ڕوون نییە ئەو یەكسانییە چۆنە. كۆتا خۆی جیاكردنەوەیەكی ئەرێنییە و یەكسانی نییە، چۆن ئێستا یەكسانی بەرپا بكەیت ئەوەیان من نازانم".