گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

کرێی بۆری نەوتی هەرێم دوو هێندە بەرزبووەتەوە

2022.02.22 - 13:22
App store icon Play store icon Play store icon
کرێی بۆری نەوتی هەرێم دوو هێندە بەرزبووەتەوە

ناس کورد- 

بەپشت بەستن بە داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت، نرخی کرێی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لەماوەی دوو ساڵدا کرێی بۆرییەکە لەسەر حکومەتی هەرێم بووەتە نزیکەی دوو هێندە کە پارەکەی بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت" کە (سێشەممە 22-2-2022) بڵاویکردووەتەوە و پشتی بە داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت بەستووە، کرێی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە سەرەتای ساڵی (2019) تا نیوەی یەکەمی (2021) کە ژمارەیان (10) ڕاپۆرتە، بەرزبوونەوەیە بە ڕوونی دەبینرێت، بۆ نمونە لە ڕاپۆرتی یەکەمی دیلۆیت کە وردەکاری پرۆسەی نەوتی هەرێمی ڕوونکردووەتەوە لە ماوەی (1/1/2019 – 31/3/2019) کرێی گواستنەوەی (1) بەرمیل نەوتی هەرێم (3.2) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام لە دوا ڕاپۆرتی کۆمپانیا وردبینییەکەدا لە ماوەی (1/4/2021 – 30/6/2021) کرێی گواستنەوەی (1) بەرمیل نەوتی هەرێم (6.1) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم وەستاوە." 

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "لە ماوەی سێ مانگ و (1/1/2019 – 31/3/2019) کۆی کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم (122 ملیۆن و 55 هەزار و 61) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام لە دوا ڕاپۆرتی کۆمپانیا وردبینییەکەدا بۆ سێ مانگی ساڵی 2021، لە ماوەی (1/4/2021 – 30/6/2021) کۆی کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم (238 ملیۆن 932 هەزار و 863) دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێم وەستاوە."

 

ڕاپۆرتەکە یاداشتێکی پەرلەمانتار، عەلی حەمەساڵحی خستووەتەڕوو، کە تیایدا هاتووە، "لەماوەی (2020 – 6/2021) واتە ساڵێک و شەش مانگ (1 ملیار و 584 ملیۆن دۆلار) دراوەتە کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە، لە ساڵی (2020) دا (21.3%) کۆی داهاتی نەوت دراوەتە کرێی بۆری نەوتی هەرێم، ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، بۆری نەوت لە سنوری هەرێمی کوردستان تەنها (24.6%) کۆی درێژی بۆری نەوتە لە خورمەڵەوە تا بەندەری جەیهان، بەڵام (70%)ی کۆی کرێی گواستنەوەی پێدراوە، ئەگەر (18) مانگی سەرەتای (2020) بۆ شەش مانگی یەکەمی (2021) وەک پێوەر وەربگیرێت (70%) کرێی گواستنەوەی نەوت بۆ کۆمپانیاکانی (کار و رۆسنەفت) ڕۆشتووە (30%) بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی بووە." 

 

ڕاپۆرتەکە دەپرسێت، "ئایا دەکرێت بۆری نەوت لە سنوری تورکیا دوو هێندەو نیوی بۆری نەوت بێت لە سنوری هەرێمی کوردستان، بەڵام کرێی بۆری لە سنوری هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر بێت لە سنوری تورکیا؟."