گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى دارایی رونکردنەوەى نوێ لەسەر نرخى دۆلار دەدات

2022.02.20 - 19:36
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیرى دارایی رونکردنەوەى نوێ لەسەر نرخى دۆلار دەدات

ناس کورد-

وەزیرى دارایی عێراق بەرگرى لە بڕیارى بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار دەکات و دەڵێت نرخى ئێستا وڵاتى رزگارکرد لە قەیرانى داڕوخانى نرخى نەوت لەساڵانى 2020 و 2021.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلى عەلاوى لەبەیاننامەیەکدا 20-2-2022 کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، هۆکارى بەرزکردنەوەى نرخى دۆلارى لەساڵى 2020 گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو فشارەى رووبەڕووى حکومەت بووەتەوە بەهۆى داڕوخانى نرخى نەوتەوە.

 

دەشڵێت بڕیارەکە لەچوارچێوەى ئەو چاکسازییە بنەڕەتیانەدا بووە کە ئامانج لێیان بنیاتنانى ئابورى عێراق بووە، ئەوەش هێزێکى زۆرى بەبوژانەوەى ئابورى گەیاندووە و کێبڕکێی زیادکردنى لەسەر بەرهەمى ناوخۆیی رەخساندووە.

 

عەلاوى دەڵێت، بەپێی ئامارەکانى رێکخراوە نێودەوڵەتیییەکان، بەهۆى بڕیارەکەوە ئابورى نانەوتى بەڕێژەى 21 %  گەشەیکردووە لەنیوەى یەکەمى 2021، هەروەها یەدەرەگى دراوى بیانى بەهۆیەوە بەرزبووەتەوە، هاوکارییەکى زۆرى گرێبەستەکانى کارەبا و وانەبێژان کراون و ئەو کێشانەى روبەڕووى وەزارەتەکان بونەتەوە چارەسەر کراون.

 

نرخى دۆلار لەرۆژى 18-2-2022 ەوە رووى لە نزمبوونەوە کردووە، دواى داواکەى موقتەدا سەدر بۆ بانگهێشتکردنى وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى لەلایەن پەرلەمانەوە بەمەبەستى تاوتوێکردنى دابەزینى بەهاى ئەو دراوە بەرانبەر دینار.      

  

هەریەکە لە وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى تا ئێستا جەختدەکەنەوە کە نرخى دۆلار دانابەزێت، بەڵام لەئیستادا نرخى ئەو دراوە لەخوار نرخى فەرمى بانکى ناوەندییەوە مامەڵەى پێوەدەکرێت.     

 

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە بانکى ناوەندى عێراق 20-2-2022 رایگەیاند، نرخى ئێستاى دۆلار ئەرێنییە و کورتهێنانى بودجەى پڕکردووەتەوە، گۆڕانکارییەکانى ئێستاش کاتین.  

 

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەکرد، نرخى دۆلار ئەنجامى ئەرێنى زۆرى هەبووە، کە دیارترینیان پڕکردنەوەى کورتهێنان بووە، لەگەڵ پێدانى هەلى کێبڕکێ بەبەرهەمهێنەران و وەبەرهێنەران لەسەر نرخى کەلوپەلى هاوردە، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى بانکەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.  

  

وتیشى "دووبارەبوونەوەى گۆڕانى نرخى دۆلار بۆ ماوەیەکى کورتخایەن لەلایەن هەندێ لایەنى دیاریکراوەوە بەبێ تاوتوێکردنى دەرەنجامەکەى، دەبێتە هۆى روودانى هەڵاوسان، شێواندنى بازاڕ، کاریگەرى دروستکردن لەسەر دەستکەوتەکانى نرخى فەرمى، زیادکردنى ئاڵوگۆڕى دراوى بیانى".  

  

دەشڵێت، سەرەڕاى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت کە سروشتێکى ناسەقامگیریی هەیە، ناکرێت ئەو دوو پرسە بەیەکەوە ببەسترێتەوە، بەرزبونەوەى ئێستاى نرخى نەوت لەلایەن حکومەتەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بنیاتنانەوەى ئابورى وڵات بەشێوەیەکى دروست، دەستخستنى پارە بۆ هەر شۆکێکى دارایی لەداهاتوودا.