گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

دوو هۆکار بۆ نەناردنی 200 ملیارەکەی هەرێم لە بەغداوە ئاشکرا دەکرێن

2022.02.17 - 23:17
App store icon Play store icon Play store icon
دوو هۆکار بۆ نەناردنی 200 ملیارەکەی هەرێم لە بەغداوە ئاشکرا دەکرێن

ناس کورد- 

بریکاری وەزارەتی پێشووی دارایی عێراق دوو هۆکار بۆ نەناردنی 200 ملیارەکەی هەرێم لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات و دەشڵێت، ئەگەر هەرێم چاکسازیی بکات دەتوانێت بەبێ ئەو 200 ملیارەش مووچە دابەش بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (پێنجشەممە 17-2-2022) ڕایگەیاند، "دەستێک لەپشتی جوڵاندنی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی هەیە کە ئەو دەستەش سیاسییەکانن، نەیارانی کورد لە بەغدا هەمیشە سوودیان لە هەبوونی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وەرگرتووە".

 

سەبارەت بە دواخستنی ناردنی 200 ملیارەکەش لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەکرد، "یاسای بودجە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەکەیە، ئەوکات نرخی بەرمیلێک نەوت 30 دۆلار بوو، هەرێمی کوردستان مانگانە 200 ملیار دینارێکی دەکەوت، بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، ئەو 200 ملیارە کەم دەبێتەوە، چونکە دەقی ماددەکە دەڵێت، داهاتی 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ، کە بە 30 دۆلار فرۆشتوویەتی هەرێمی کوردستان 200 ملیار دیناری کەوتووە، بەڵام مانگی دواتر کە بە 50 دۆلار فرۆشتوویەتی لە 200 ملیارەکە کەم دەبێتەوە، چونکە ئەو داهاتەی لە بەرامبەر 250 هەزار بەرمیلەکە کە دەبێت بیدەیتە بەغدا، بڕەکەی زیاد دەکات، ئەگەریش گەیشتە 80 دۆلار ئەوا ئێمە هیچمان ناکەوێت، بۆیەش بەغدا ئێستا 200 ملیارەکەی راگرتووە".

 

باسی لەوەشکرد، " هۆکارێکی دیکەی نەناردنی 200 ملیار دینارەکە دەگەڕێتەوە بۆ جوڵاندنی داوایەک کە لەسەر ئەو 200 ملیارە جوڵێندراوە، چونکە پەیوەست نییە بە دادگەی فیدراڵی، بەڵکو پەیوەستە بە دەستەی دەستپاکی، ئەوان پێیانوایە ئەو 200 ملیارەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە سەرپێچییە".

 

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "ناڵێم چیتر 200 ملیارەکە لەلایەن بەغداوە نانێردرێت، چونکە لە سیاسەتدا هەموو شتێک دەرفەتی تێدایە، دەرفەتی ئەوە هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا".

 

لەبارەی ئەوەی لە ئەگەری نەناردنی 200 ملیار دینارەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەیە، ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئەگەر چاکسازییەکان بە تەواوەتی و رێکوپێکی بکرێن و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوەتیی بەسەر هەموو داهاتەکاندا هەبێت، ئەوکات دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات و خەرجیی دیکەش بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە بەغدا وەربگرێت".