ناس کورد-
دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق رونکردنەوەیەکى لەبارەى بڕیارەکەى لەسەر نادەستوریی بوونى دۆسیەى نەوت و غازى هەرێم بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دادگاکە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتوە ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیارەکەى لەسەر دۆسیەى نەوت و غازى هەرێم لەسەر بنەماى ماددەکانى (110 و 111 و110 و115 و121 و130 ) دەستور بووە، هەروەها پێشتر بڕیارێک لەلایەن یەکێک لە دادگاکانى ئەمەریکا دراوە لەسەر بنەماى سکاڵایەکى وەزارەتى نەوت دژى هەرێم.
دەشڵێت، بڕیارەکە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە تانەى لێدراوە و دواتر دادگاى پێداچوونەوەى ئەمەریکا لە ساڵى 2015 پێداچونەوەى بە بڕیارەکەدا کردووە و لەبەرژەوەندى سکاڵاکار کە وەزارەتى نەوت بووە تانەکەى رەتکردووەتەوە.
دادگاى فیدراڵى جەختیکردووەتەوە بەرژەوەندى باڵاى عێراق و گەل وایخواستووە ئەو دۆسیەیە یەکلایی بکەنەوە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2012.
دادگای فیدڕاڵی عێراق 15-2-2022 بڕیاری دا بە نادەستوریبوونی یاسای نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە پێویستە هەرێم پابەند بێت بە ڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی فیدڕاڵ.
هەر دوای بڕیارەکە، حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دژى دۆسیەى نەوت و غازى هەرێم دەبێتە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە و هەرێم دەستبەرداری مافەکانی نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون.
حکومەتى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە".
لاى خۆیەوە، حکومەتى عێراق 16-2-2022 وەزیری نەوتی ڕاسپارد پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ دانانی ڕێکار و هەنگاوی جێگرەوە بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت بەپێی دەستور و بەرژەوەندی گشتی.
رۆژى چوارشەممە، 16-2-2022، مستەفا کازمی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتی ئهنجومهنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ئەمنی، ئابوری و سیاسی.
لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، میوانداری وەزیری نەوتی عێراقی کراوە بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەبارەى ئیدارەدانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات وەزارەتی نەوت سەرپشک کراوە لە پشتبەستن بە ڕاوێژکار و شارەزایان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی هونەری لەو بارەیەوە.
بەپێى بڕیارەکان، وهزیری نهوتی عێراق راسپێردراوە پهیوهندی و ههماههنگی لهگهڵ ههرێم و كۆمپانیا نهوتییهكان و وڵاتانی پهیوهندیدار بكات بەمەبەستى دانانى رێوشوێن و ههنگاوی پێویست بۆ بەڕێوەبردنى دۆسیهی نهوتی ههرێم، بەپێی دهستورو بهرژهوهندییه باڵاکان.