گه‌ڕان

Shadow Shadow

بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى وەک دەستورى نەوت و غاز

2022.02.16 - 23:04

سمکو ئەسعەد ئەدهەم

 

ئەتوانین بڵێین .. بڕیارى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق سەبارەت بە دۆزینەوە ودەرهێنان و هەناردەکردن فرۆشتنى نەوت لە کێلگەکانى ژێر دەسەڵاتى هەرێم ، لە 15/2/2022 ، تەنها بڕیارێکى ئاسایى نییە، بەڵکو دەستوورێکى ڕێکخەرى مامڵەکردنى هەردوو حکومەتى عیراق و هەرێمە بە سامانى نەوت و غاز و بەرهەمەکانى.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو (بڕیارە – دەستوورە) تەنها حکومەتى هەرێم پابەند ناکات بە بڕگەکانیەوە ، بەڵکو حکومەتە عیراقییە یەک لە دواى یەکەکانى داهاتوى عیراقیش پابەند ئەکات بە ڕێزگرتن لە مافى هاوڵاتیانى هەرێم و قەوارەى هەرێم و شایستە و دەرامەتەکانیان، ئەگەر پسپۆڕانى یاسا و شارەزایانى ناوەندەکانى بڕیار لە هەرێمدا بە وردى ئەو 10 بنەما یاساییە شیکاریە دەستوورییە بخوێننەوە کە ناوەرۆِکى داڕێژراوى بڕیارەکەى دادگا پێکدەهێنێت، ئەم خاڵانەیان بۆ دەرئەکەوێت:


1- بڕیارەکە جەخت لە مانەوە و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتە جیاجیاکانى (جێبەجێکارى و یاسادانان و دادوەرى هەرێم) دەکات ، بە پێى ئەحکامى ماددە 117/1 لە دەستوورى عیراق .(بنەماى 1 لە بڕیارەکە).

 

2- خاوەنداریەتى سامانى نەوت وغازى عیراق-ى وەک سامانى هاوڵاتیان ناساندووە و (مافى زانین و ئاگاداربوونى هاوڵاتیان)ى جێگیر کردووە لە بارەى قەبارەى ئەو سامانە وچۆنیەتى مامەڵەپێوەکردنى بە پێى ئەحکامى ماددە 111 لە دەستوور (بنەماى 4 لە بڕیارەکە).

 

3- ماف و دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمى لە پاڵ حکومەتى فیدرالى بە هاوبەشى پاراستووە لە دەرهێنان و و کارگێڕیکردنى بیرە نەوتییەکانى ناو خاکى هەرێم بەپێى ماددە (112/1) لە دەستوور و هەردوو حکومەتەکەى پابەندکردووە بە بەکارهێنانى ئەو سامانە بۆ گەشەپێکردنى ناوچەجیاجیاکان بەپێى شایستەیى و ژمارەى دانیشتوانەکەى (بنەماى 5 لە بڕیارەکە).

 

4- ماف و دەسەڵاتەکانى حکومەتى هەرێمى لە پاڵ حکومەتى فیدرالى بە هاوبەشى پاراستووە لە دارشتنى سیاسەتى ستراتیجى پەرەپێدانى نەوت وغاز و حکومەتى فیدرالى پابەندکردووە بە بەکار هێنانى نوێترین تەکنەلوژیا لەو پەرەپێدانەدا و مەرجدارى کرددوە بە هاندانى وەبەرهێنان لە هەرێمدا و وابەستەکردنى بە بازاڕە جیهانییەکان و ڕێکخراوى نێودەوڵەتى (ئۆپیک) بە پێى ماددە (112/2) لە دەستوور (بنەماى 6 لە بڕیارەکە) .

 

5- بڕیارەکە ، حکومەتى فیدرالى پابەندکردووە بە پێنج یاساوە ، گرنگترینیان یاساى (کۆمپانیاى نەوتى نیشتمانى عیراق ژمارە 4 ساڵى 2018) کە پێگەى هەرێم لەو یاسایەدا پارێزراوە ووەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم جێگاى بۆ کراوەتەوە تیایدا (بنەماى 8 لە بڕیارەکە).

 

6- بڕیارەکە ماف و پشک و بەشە بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێم و مافى خاوەن مووچەکانى پاراستووە و بڕیارى لێداوە لە بودجەى گشتى عیراقدا و بە دەق ، دەستى هەردوو حکومەتى عیراق و هەرێمى هەڵگرتووە لە بەکارهێنانى ئەو مافە داراییانە لە ململانێ و کێشەکانى نێوانیان لەبەر ڕۆشنایى ماددە (110/3) لە دەستوور (بنەماى 10 لە بڕیارەکە).



ئەو خاڵانەى سەرەوە ، خزێندنەوەیەکى یاسایى کورتن، جیاوازن لەو وێنا کردنەى ناوەندەکان ئەیکەن سەبارەت بە سیاسیکردنى بڕێارەکەى دادگاى باڵاى فیدرالى عیراق.

 

پێویستە هەموان داوا لە حکومەتى هەرێم بکەین ، لۆژیکێکى یاسایى و دەستوورى بەکار بهێنێت لە لێکدانەوەى بۆ بڕیارەکە، لەبەر ئەوەى لەسەر ئاستى عیراق و وڵاتانى ناوچەکە وجیهان ، بڕیارى دادگا پاشگەز بوونەوەى تیادا نییە.