ناس کورد-
بەرزبوونەوەی نرخی ئارد مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخی نانی دروست کردووە، پارێزگاری دھۆکیش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەکانی دهۆک ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن نرخی نان بەرز ببێتەوە و ھاوکار دەبن بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەبدولعەزیز ڕەمەزان، نوێنەری نانەواخانەکانی پارێزگای دھۆک (دووشەممە 14-2-2022) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی ڕایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕ و نەبوونی سووتەمەنی تەنگی بە نانەواخانەکانی دھۆک ھەڵچنیوە و تا ئێستا 60 نانەواخانە داخراون، ئەوانی دیکەش ئەگەر ھاوکاری نەکرێن لە ڕۆژانی داھاتوودا دادەخرێن، چونکە بەرزبوونەوەی نرخ ھۆکاری سەرەکییە و ھیچ سوودێکی بۆ کاسبکارانی دھۆک نەھێشتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، : بڕیار بوو ئەم ھەفتەیە بایکۆتی سەرتاسەری ڕابگەیەنین، بەڵام پارێزگاری دھۆک بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێ داوین".
هاوکات عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک ڕایگەیاند، "ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نانەواخانەکانی پارێزگای دھۆک و پێشتریش چەندین بڕیارمان دەرکردووە بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نان، لەوانەش قەدەغەکردنی ھەناردەی ئارد لە دھۆک بۆ پارێزگاکانی دیکە، ھەروەھا ئاسانکاریی زۆر دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە قورسەی سەر کاسبکارانی دھۆک ھەندێک کەم بکەینەوە''.