ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پەرلەمان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ پەسەندکردنی یاسای ھەڵگرتنی چەک و گۆڕانکاری لە دەرھێنانی مۆڵەتی چەک دەکرێت و ئەوانەی ڕابردوویان پاک نییە ناتوانن داوای مۆڵەتی چەک بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موحسین دۆسکی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان (شەممە 12-2-2022) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان ھەستی بەوە کرد کە زۆربوونی ڕێژەی تاوانەکانی کوشتن پەیوەندیی بە زۆریی چەکەوە ھەیە، پڕۆژەیاسای ھەڵگرتنی چەک ئامادە کرا و یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ١٩٩٣ ھەموار دەکرێتەوە، چونکە ئەحکامەکانی ئەو یاسایە لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆی کوردستان ناگونجێت، لەبەر ئەوەش، ساڵی ڕابردوو خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە''.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لیژنەی یاسایی، پێشنیارەکانی ڕابردوو دەکاتە ڕاپۆرت و بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت و پەسەند بکرێت.''
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "گۆڕانکاریی زۆر بەسەر یاسای ھەڵگرتنی چەکدا ھاتووە، لەوانەش دەبێت ئەو کەسەی داوای مۆڵەتی چەک دەکات ڕابردووی پاک بێت و ھەرکەسێکیش فایلێکی بۆ دەکرێتەوە تا چەک بەخراپە بەکار نەھێنێت، دەبێت شوێنەکانی فرۆشتنی چەک خۆیان لەگەڵ یاساکە بگونجێنن و ناتوانن چەک لە ھەموو شوێنێک ھاوردە بکەن و بیدەنە ھەموو کەسێک، ئەمەیش کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی دیاردەی چەکھەڵگرتن و ئەنجامدانی تاوان''.