گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ: حکومەت نرخی نان لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەکات

2022.02.10 - 23:10
App store icon Play store icon Play store icon
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ: حکومەت نرخی نان لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەکات

ناس کورد- 

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە بەرژەوەندی دوو کۆمپانیا گومرگی ئارد زیاد بکات و ئەوەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان و ئەوەش بە ترسناک ناودەبات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە بڵاوکراوەیەکدا عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان (پێنجشەممە 10-2-2022) ڕایگەیاند، "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئەنجامی بەدواداچوون بە ئێمە گەیشتووە، حکومەت لە ڕێگەی زیادکردنی گومرگ لەسەر ئاردی هاوردە، نرخی نان لەسەر خەڵک گران دەکات."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا بۆ هەر تۆنێک ئاردی هاوردە، بڕی 32 دۆلار وەردەگیرێت، بەڵام نوسراویان کردووە کە زیادی بکەن بۆ 65 دۆلار واتە بە ڕێژەی 100% و زیاتریش." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێستا هەر تۆنێکی ئارد کە لە تورکیاوە هاوردەی هەرێم دەکرێت، بە گومرگ و کرێی گواستنەوەشەوە، هەر تۆنێک 470 دۆلار دەکەوێت، بەڵام لە بەرژەوەندی دوو کۆمپانیای سەر بەخۆیان، گومرگ زیاد دەکەن تا ئاردی هاوردەی ئەو دوو کۆمپانیایە ساغ ببێتەوە کە هیچ باج و ڕسوماتێکیش نادەن و تۆنی ئاردیش بە 500 دۆلار دەفرۆشنەوە لە بازاڕ."

 

سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، " ئەم ڕەفتارەی دەسەڵات خەتەرناکە و برسێتی زیاتری خەڵکی لێدەکەوێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نان."