گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر بزانە

یاسای هەڵبژاردن.. گرێ كوێرەیەكی تر بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت

2022.02.09 - 10:02
App store icon Play store icon Play store icon
یاسای هەڵبژاردن.. گرێ كوێرەیەكی تر بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت

ناس كورد-
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پێنجەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان رێکخست بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پرسەکانی دەستووری هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر وادەی هەڵبژاردنەکان کە لەمساڵدا و لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت هەموو لایەنەکان کۆکن بەڵام ناکۆکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنە کە پارتی لەگەڵ مانەوەیەتی وەک خۆی بە یەک بازنەیی و لایەنەکانی دیکەش داوای هەموار و فرە بازنەیی دەکەن.

 

پاش کۆبوونەوەکە سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی جیابەجیادا دەرئەنجامی گفتوگۆکانیان خستە روو.

 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، عەبدولستار مەجید رایگەیاند "لەم کۆبوونەوەیەدا دەتوانم بڵێم لەسەر هەندێ خاڵ رێککەوتین یان بۆچوونەکانمان یەکخست، هەموومان لەسەر ئەوە کۆکبووین کە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسانە بە لۆژیکی زۆرینە و کەمینە کارنەکەین بەڵکو بە رێککەوتن و سازان یەکلایی بکەینەوە، چونکە ئەم بابەتانە پەیوەندییان بە هەموو خەڵکی کوردستانەوە هەیە و رەهەندی نیشتمانیان هەیە".

 

گووتیشی "دەربارەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کۆمسیۆن دووبارە دابڕێژرێتەوە ئەو کۆمسیۆنەی ئێستا هەیە بۆشاییەکانی پڕبکرێتەوە، پێکهاتە و لایەنی دیکە کە ئێستا هەن ئەندامیان هەبێت تێیدا".

 

عەبدولستار مەجید راشیگەیاند "بۆ هەرسێ پرسی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دەستوور کە هەرسێکیان سێ پرسی گرنگن رەنگە پێویستیان بە کۆبوونەوەیەکی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبار برەخسێنێت و ئەو دابڕانە نەهێڵێت و ئەو کێشانەی کە لێرە چارەسەر نەبن لەنێوان فراکسیۆنەکان ئەوا لەو کۆبوونەوەیە چارەسەر بکرێت".

 

دواتریش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، شێرکۆ جەودەت رایگەیاند "هەرسێ بابەتی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان هەرسێکیان کار و ئەرکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانە و پێشتریش داوایان لێکراوە کاری لەسەر بکەن، کە تاوەکو ئێستا نەکراوە کەمتەرخەمی ئەوانە بەڵام تۆپەکە دەخەنەوە گۆڕەپانی فراکسیۆنەکان و بەمەش کات دەکوژن".

 

گووتیشی "ئێستا دوو بۆچوون هەیە بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، یەکەمیان ئەوەیە لە دەرەوەی پەرلەمان سازانی لەسەر بکرێت و ئینجا بهێندرێتە پەرلەمانی کوردستان کەئەمە دووچاری پێشێلی پەیرەویمان دەکات و هەوڵێکە بۆ کوشتنی کات و بەمەش هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ناکرێت، بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە کە داوامان کردووە بەزووترین کات کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان سازبکرێت و بەرنامەی کارەکەی بریتی بێت لەو پرسانە و بڕیاری پێویست بدرێت لە پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە هەندێ هەموارەوە، بۆ پێکهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ و رێککەوتنەکان هەمووی لەناو پەرلەمان بکرێت لەکاتی پەیڕەوی گفتوگۆکردنی یاساییدا".

 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، شێرکۆ جەودەت راشیگەیاند "ئەوەی بەلای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە گرنگە ئەوەیە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت وە هەڵبژاردنێکی پاک و بێ گەردبیت و پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێتە سەرخەت بۆئەوەی پشتیوانی لە پاک و بێگەری هەڵبژاردنەکە بکرێت، بۆ یاسای هەڵبژاردنیش لەگەڵ ئەوەداین کە هەر ناوچەیەک نوێنەری خۆی هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ فرە بازنەییداین هاوشێوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیڕەوکرد کە ئەوە نوێنەرایەتی زیاتر دەسەلمێنێت نەک ئەوەی یەک بازنەبێت و لایەنێک بیەوێت لە بازنەیەکەوە زۆرینەیەک بهێنێت و کە کۆنترۆڵی هەموو هەرێمی کوردستانی پێبکات".

 

دەربارەی ئەوەی کات بەدەستەوە ماوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن گووتی "ئەگەر مەبەست هەبێت پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت تایبەتمەندی خێرایی پێبدات و بە هەفتەیەک یاساکە هەموار بکاتەوە".

 

دواتریش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، زیاد جەبار رایگەیاند "ئەو سێ بابەتەی گفتوگۆمان لەسەر کردن هەموو لایەکمان کۆکین لەسەر ئەوەی کە دەبێت سازانی نیشتمانی لەسەریان هەبێت، ئەمانە بابەتێک نین کە بەزۆرینە و کەمینە تێپەڕێت، ئەمانە بابەتی هەستیارن و پێویست دەکات هەموو لایەنە سایسییەکان لەسەر کۆکبن".

 

گووتیشی "هەموومان جەختمان لەوەکردەوە دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی گرنگە و ئێستا بۆشایی دەستووریمان هەیە بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان کاربکات بۆ نووسینەوەی دەستوور، پەیوەست بە هەڵبژاردنیش ئێمە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچوونمان وایە یاسای هەڵبژاردن دەبێت هەمووار بکرێتەوە بەپێی ئەو هەلومەرج و قۆناغە پێویستە یاساکە بەشێوەیەک بێت هەم ئەوانەی لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە هەم خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەم ئەوانەش دەنگیان نەداوە بەم نوێنەرانەی ئێستا یاساکە بە هی خۆیان بزانن تاوەکو لە داهاتوو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەلای ئێمەوە گرنگە و پێشتریش رامانگەیاندووە پرۆژەمان بۆ هەموواری یاسای هەڵبژاردن ئامادەکردووە و لە داهاتوودا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموراتی کوردستان، زانا مەلا خالیدیش رایگەیاند "ئەمرۆ هەموومان کۆکبووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆی ئەنجامبدرێت لەمساڵدا، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم گرفتە یاساییەکان لەبەردەم بەرێوەچوونی پرۆسەکە بەڕێگای گفتوگۆ و سازان لەنێوان فراکسیۆنەکان چارەسەر بکرێت".

 

گووتیشی "بۆ پرسی دروستکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆدەنگ بووین لەسەر ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەئەرکی یاسایی و پەیڕەوی خۆی هەڵبستێت بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٤ی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی پێشێلی پەیرەوی نەکات و کار لەسەر بابەتەکە بکات".

 

راشیگەیاند "لەپرسی یاسای هەڵبژاردندا رای جیاواز هەن، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی داوامان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان هەیە ئەوانەی کە داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەن پێشنیازە جیاوازەکانی خۆیان بخەنە روو بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆیان لەسەر بکەین، لە هەر حاڵەتێکیشدا ئەو پێشنیازە یاسایانەی دەخرێنە روو پێویستە سازانیان لەسەر بکرێت و کۆدەنگ بووین لەسەر ئەوەی لەپرسی وا نیشتمانی و یاساییدا مەبدەئی زۆرینە و کەمینە کاری پی نەکرێت لەپێناوی ئەوەی هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان تێکنەچێت".

 

لەبارەی رای پارتیش بۆ یاسای هەڵبژاردن سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموراتی کوردستان رایگەیاند "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ ئەوەداین کە هەر یاسایەک لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بۆشایی یاسایمان نەبوو دەست بۆ هەموارکردنی نەبەین چونکە ئێستا ئێمە بۆشایی کۆمسیۆنمان هەیە بۆشایی یاسای هەڵبژاردنمان نییە".