ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، لەکۆبوونەوەکەى نەجەف سەدر پێشنیازى بۆ نێچیرڤان بارزانى کردووە ببێتە کاندیدى سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەو وتویەتى چوار ساڵی تر بیری لێدەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مشعان جبوری لەدیدارێكی تەلەفزیۆنی لە پەرلەمانەوە كە "ناس كورد" دیویەتی (7_2_2022) وتى "پێشنیار ئەكەم پارتی كاندیدێكی یەدەگ پێشكەش بكات بۆ هەر ئەگەرێك،ئەگەر زێباری گەڕایەوە ئەو دەكشێنینەوە".
وتیشى "من پێشبینی دەكەم یان فوئاد حسێن یان نێچیرڤان بارزانی ببنە كاندید، كە چوون بۆ نەجەف سەدر بە نێچیرڤانی وتووە بۆچی تۆ نابیتە كاندید، لە 2018 هەمان پێداگری لەسەر كرا، بەڵام وتی عەرەبییەكەم باشە نییە، ئەم جارەش كە سەدر پێی وت وتی رەنگە چوار ساڵی تر بیری لێ بكەمەوە".
رۆژى دووشەممە 31-1-2022، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەیشتنە نەجەف و لەگەڵ موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کۆبوونەوە.
سەردانى شاندەکە لەسەر دەستپێشخەرى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى بوو، بەئامانجى چۆنیەتی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان.
پێشنیارەکەى جبورى بۆ پێشکەشکردنى کاندیدى یەدەگ بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لەلایەن پارتییەوە، دواى رۆژێک دێت لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانى کاندیدکردنى زێبارى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، بەڵام پارتى تا ئێستا جەختدەکاتەوە کەزێبارى ناگۆڕن و چاوەڕوانن دادگا بڕیارەکەى هەڵبوەشێنێتەوە.