گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بە دوو ڕۆژ پایتەخت گەمارۆ دەدرێت’’

سیناریۆ هەواڵگریيەکانی ئەمریکا لەبارەى هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا

2022.02.06 - 14:50
App store icon Play store icon Play store icon
سیناریۆ هەواڵگریيەکانی ئەمریکا لەبارەى هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا

ناس کورد-

چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی ئەمریکا پێیان وایە ڕوسیا ئامادەکارییەکانی بۆ داگیرکردنی سەرجەم ناوچەکانی ئۆکرانیا چڕکردووەتەوە و 70%ی سوپا و چەکی پێویستی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر سنور جێگیرکردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ئێستادا مۆسکۆ 110 هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، لەوانە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بتوانێت هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتی ئەو بەرپرسە هەواڵگرییانەی ئەمریکا کە بۆ ئەندامانی کۆنگرێس و هاوبەشە ئەوروپییەکانیان ناردووە.

 

ئەو بەرپرسە هەواڵگرییانە ئەوەیان دیاری نەکردووە کە ئاخۆ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری کۆتایی هێرشی داوە یاخود نا، بەڵام دڵنیایان کردووەتەوە کە هەموو بژاردەکانی لە بەردەستدا بێت بە داگیرکردنی تەواوەتیشەوە.

 

هاوکات بەرپرسانی کۆنگرێس و هاوبەشە ئەوروپییەکانیان هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر ڕوسیا بەم ئاستەی ئێستا بەردەوام بێت لە ناردنی هێزی سەربازی و چەک بۆ سنورەکان، ئەوە تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە پوتین سوپای پێویستی دەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان بۆسەر ئۆکرانیا کە 150 هەزار سەربازە.

 

هەر بە قسەی ئەو بەرپرسانە، ئەگەر پوتین بژاردەیەکی توندتر هەڵبژێرێت، ئەوە دەتوانێت لە ماوەی 48 کاتژمێردا گەمارۆی کییەڤی پایتەخت بدات و فۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەسەرکارلابدات.

 

ژمارەی قوربانیانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکە

 

هاوکات هۆشدارییان داوە لەوەی ئەو ناکۆکییە زیانێکی گیانی زۆری دەبێت، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت 25 بۆ 50 هەزار هاوڵاتی مەدەنی، پێنج بۆ 25 هەزار سەربازی ئۆکرانی و سێ بۆ 10 هەزار سەربازی ڕوسی بکوژرێت، هەروەها دەکرێت ببێتەهۆی ئاوارەبوونی پێنج ملیۆن کەس بەرەو پۆڵەندا.

 

ڕۆژنامەی واشتن پۆستی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە خەمڵاندنە هەواڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکا کە بەرپرسانی کۆنگرێس و هاوبەشە ئەوروپییەکانی لێ ئاگادارکراوەتەوە ئاماژەبەوەدەکەن کە ڕوسیا نزیکبوونەوەتەوە لە کۆتایی ئامادەکارییەکانی بۆ داگیرکردنی بەرفراوانی ئۆکرانیا.

 

ئەو خەمڵاندنانە پێشبینی دەکەن کە شەڕەکە ببێتەهۆی گیانلەدەستدانی 50 هەزار هاوڵاتی مەدەنی و ڕووخانی حکومەتی ئۆکرانیان لە ماوەی دوو ڕۆژدا، هاوکات دروستکردنی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لەگەڵ ئاوارەبوونی پێنج ملیۆن کەسدا.

 

بەرپرسێکی ئەمنی ڕۆژئاوایی، بەپێی ڕاپۆرتەکەی واشتن پۆست، ژمارەی سەربازانی ڕوسیا لەسەر سنوری ئۆکرانیا بە 130 هەزار دەخمڵێنێت.

 

ڕۆژنامەکە دەشڵێت، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژەبەوەدەکەن کە دەرگای چارەسەری دیبلۆماسی بۆ قەیرانەکە داخراوە.

 

هاوکات ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە بەپێی ڕاپۆرت و خەمڵاندنی بەرپرسانی ئەمریکی، ڕوسیا 70ی سەرباز و چەکی پێویستی بۆ بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لەسەر سنور جێگیرکردووە.

 

ئەو بەرپرسانە جەخت دەکەنەوە کە هەواڵگریی ئەمریکا پێی وایە کە هێشتا پوتین بڕیاری کۆتایی نەداوە بۆ داگیرکردنی ڕوسیا، بەڵام وێنەی مانگە دەستکردەکان ئەوەدەخەنەڕوو کە هەموو شتێک ئامادەکراوە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین هەڵمەتی سەربازی لە ئەوروپا لەدوای ساڵی 1945.

 

کاتی داگیرکارییە چاوەڕوانکراوەکە

دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتووە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی بەتالیۆنەکانی ڕوسیا لەسەر سنور لە 60 بەتالیۆنەوە بەرزبووەتەوە بۆ 83 بەتالیۆن، هاوکات 14 بەتالیۆنی تریش لە حاڵەتی گواستنەوەدان بۆسەر سنور.

 

لەبارەى کاتی داگیرکارییەکە، ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە چاوەڕێ دەکەن لە ناوەڕاستی ئەم مانگە (شوبات) ئامادەکارییەکان بگاتە لوتکە و بەوەش ڕێگە بە هێزە پیادەکانی ڕوسیا دەدرێت دەربازی سنور بن.

 

 

ڕوسیا: هۆشدارییەکانی ڕۆژئاوا شێتی و ترسن

دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری نوێنەری ڕوسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکانی ڕۆژئاوا لە داگیرکاری ئۆکرانیا و کەوتنی حکومەت لە ماوەی دوو ڕۆژدا بە "شێتانە و ترس" ناودەبات.

دیمیتری پۆلیانسکی لەبارەى هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنەکانی دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکا کە واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە نوسیویەتی، "شێتی و تۆپین هێشتا بەردەوامە."

 

هێزی سەربازیی ئەمریکا لە پۆڵەندا

لەگەڵ نیگەرانی و هۆشداری ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە داگیرکاریی چاوەڕوانکراوی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، دوێنێ شەممە (5-2-2022) کۆمەڵێکی تر لە سەربازانی ئەمریکا گەیشتنە پۆڵەندا، ئەوەش بە بڕیاری جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناردنی هێزی بەرگریی زیاتر بۆ وڵاتانی ناتۆ لەدژی "هەر هێرشێکی دوژمنکارانە."

 

بەپێی سەرچاوەیەک لە سوپای ئەمریکا، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەزار و 700 سەربازی تر بگەنە پۆڵەندا و جێگیربکرێن و زیادبکرێن بۆ ئەو چوار هەزار و 500 سەربازەی لەوێ جێگیرکراون.