ناس کورد-
باوکی ئەو منداڵەی کە دەوترێت "لەلایەن زڕدایکییەوە کوژراوە" ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوەکە دەدات و دەڵێت، هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە هاوسەرەکەی منداڵەکەی کوشتووە یاخود نا، دەشڵێت، "من جەرگم سوتاوە، بەڵام خەڵک لە جێی ئەوەی هاوکاریم بکات وێنەی خۆم و هاوسەرەکەم بڵاودەکاتەوە و زیاتر توشی خەمم دەکەن."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
باوکی ئەو منداڵە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (یەکشەممە 6-2-2022) ڕایگەیاند، "دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە منداڵەکەم لەلایەن زڕدایکییەوە کوژراوە، بەڵام ئەوە دوورە لە ڕاستی و هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە و دۆسییەکە لە دادگایە و لێکۆڵینەوە دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی دەوترێت منداڵەکەی کوشتووە، هاوسەری دووەممە، پێشتریش هیچ شتێکم نەدیوە کە منداڵەکانمی ئازار دابێت و پێشم خۆش نەبوو کە ئەو دەنگۆیانە بڵاوبووەوە، چونکە هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە و نازانرێت ڕووداوەکە بەوشێوەیە یاخود نا."
باسی لەوەشکرد، "سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەم کە وێنەی من و هاوسەرەکەم بڵاودەکەنەوە و ئەو دەنگۆیەیان بڵاوکردەوە کە هاوسەرەکەم منداڵەکەمی کوشتووە، چونکە من جەرگم سوتاوە لە جێی ئەوەی هاوکاریم بکەن زیاتر خەمم پێدەدەن."