ناس کورد-
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی و یەکێتی دەستیان بەسەر داهاتی حکومەتدا گرتووە و کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست بووە، دەشڵێت، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و هاوسەرۆکی یەکێتی بەرپرسن لەو دۆخە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی حەمەساڵح لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 6-2-2022) ڕایگەیاند، "لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا داهاتی نەوت چەندێک بوبێت هەر 350 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی کە دەکاتە 27 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت ئێستا سەروو 90 دۆلارە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "سلێمانی لە ساڵی ڕابردوو لەمکاتەدا 161 ملیار دیناری داوەتە مووچە، هەولێریش 220 ملیار دیناری داوەتە مووچە، خێرە ئێستا ناتوانن بیدەن."
باسی لەوەشکرد، "ئەوەی کێشەیە ئەوەیە کە ئێستا لە هەولێر و دهۆک مووچە دابەش دەکرێت، بەڵام لە سلێمانی مووچەی بەشێکی مامۆستایان دابەش نەکراوە و 25 ملیار دینار قەرز لە هەولێر کراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی سلێمانی و دەبێت دواتر بگەڕێندرێتەوە."
عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستەڕوو، "داهاتی مانگی ڕابردووی سلێمانی یەک دیناری نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و داهاتی هەولێر و سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە."
زیاتر بخوێنەرەوە: وەزارەتی دارایی دابەشکردنی مووچەی شوێنێکی دیکەی ڕاگەیاند
سەبارەت بەوەی کێ دەستی بەسەر داهاتدا گرتووە، ئاماژەی بەوەکرد، "پارتی و یەکێتی دەستیان بەسەر داهاتدا گرتووە، ئەوەی ڕوودەدات دوو ئیدارەی حزبیە و لە سلێمانی جێگری سەرۆکی حکومەت و هاوسەرۆکی یەکێتی بەرپرسن لە هەولێریش سەرۆکی حکومەت، ئەگەرنا بەڕێوەبەری بانکێک ناتوانێت ئەوە بکات."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد، "ئەوەی ڕوودەدات دوو ئیدارەییەکی تەواوە و داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ خۆی، داهاتی هەولێر بۆ خۆی، 200 ملیارەکە بەش دەکرێت، داهاتی نەوت بەش دەکرێت، شتێک نییە بەناوی وەزارەتی دارایی."