گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یۆنامى لەبارەى بۆردومانەکانى تورکیا: رێز لەسەروەرى عێراق بگیرێت

2022.02.02 - 20:31
App store icon Play store icon Play store icon
یۆنامى لەبارەى بۆردومانەکانى تورکیا: رێز لەسەروەرى عێراق بگیرێت

ناس کورد-

 

نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) داواى رێزگرتن لەسەروەرى خاکى عێراق دەکات، دواى بۆردومانەکانى تورکیا لە سنورى پارێزگاى نەینەوا کە قوربانى مەدەنى لێکەوتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یۆنامى لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند "دوای هێرشە ئاسمانییەکانی نەینەوا کە بووە مایەی خستنەوەی قوربانیی مەدەنی، ئێمە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە پێویستە هەموو کاتێک ڕێز لە سەروەری و شکۆی خاکی عێراق بگیرێت و دانیشتوانی ناوچەکە بپارێزرێن و کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و هاریکارییەوە چارەسەر بکرێن".

May be an image of text that says "UNAMI @UNIraq Natione Following airstrikes in Ninewa with civilian casualties reported, we reiterate that Iraqi sovereignty and territorial integrity must be respected at all times. Local populations must be protected, disputes should be addressed through dialogue and cooperation. 7:17 PM Feb 2, 2022 Twitter Web App"

 

درەنگانى شەوى رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆردومانى کەمپى مەخمور و شەش پێگەى دیکەیان کرد لە چیای قەرەچووغ و شنگال و سحێلا.   

 

 دژە تیرۆرى کوردستان رایگەیاند، بۆردومانەکەى تورکیا بۆ سەر شەش پێگەی چەکدارانی پەکەکە بووە لە چیای قەڕەچووغ. لەگەڵ دوو پێگەی دیکە لە سنووری سحێلا لە ناو خاکی سووریا (ملادرێژ) و دوو پێگەی دیکەش لە چیای شنگال و بارای هاوسنوور لەگەڵ سووریا و زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.  

 

  

 

لەبارەى بۆردومانەکانەوە وەزارەتى بەرگرى تورکیا رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنی هەڵۆی زستاندا لە ناوچەکانی کاراجاک، شنگال و دەریک ٨٠ ئامانج بۆردومان کران.  

  

ئاژانسى ئەنادۆڵى فەرمى تورکیا بڵاویکردەوە،  بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە وەرگیراون لە میانی ئۆپەراسیۆنی "هەڵۆی زستان"دا لە باکووری سووریا و عێراق، چەندین حەشارگە، ئەشکەوت، تونێل، عەمباری چەک و تەقەمەنی و بەناو بنکە و کەمپی مەشق و راهێنان خاپوور کراون.  

  

ئاماژە بەوەشکراوە، هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو ئەم ئۆپەراسیۆنەش بەشێوەیەکی زۆر هەستیار ئەنجامدراوە و تەنها چەکدارەکان و حەشارگەکانیان کراونەتە ئامانج.  

  

بەپێی ئاژانسەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، نزیکەی ٦٠ فڕۆکەی جەنگیی، فڕۆکەی چاودێریی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار، بەکارهێندراون و ئامانجەکان لە قوڵایی ١٦٥ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی کاراجاک، ٨٥ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی شنگال و نۆ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی دەریک بۆردومان کراون.  

  

ئامانجەکانیش نزیکەی ٨٠ خاڵ بوون لە سێ ناوچەی جیاوازدا و بەهۆی بۆردومانکردنی عەمبارەکانی چەک و تەقەمەنیشەوە چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەکەدا روویدا، هەروەها بینایەکیش کرایە ئامانج کە بەناو بەرپرسانی رێکخراوەکە تیایدا کۆبووبوونەوە، ئەوەش بەپێی ئاژانسەکە.