ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، ھەموو ھەنگاوێکیان بۆ ئەوە بوو بە یەک تیم لەگەڵ بەغدا و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان گفتوگۆ بکەین و بە یەک وەرەقەی سیاسی کوردستانیی و نیشتمانیی بچنە گفتوگۆکانەوە، بەڵام دواتر ئەو یەکڕیزییە لە باربرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، بافڵ تاڵەبانی لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ئاماژەى بەوەکردووە، "دەمانەوێت نەبینە ھۆکار بۆ تێکدانی ماڵی کورد و ھێزە شیعییەکان و سونەکانیش..دەرفەت ماوە تاوەکو لەسەر بنەمای تەوافق و شەراکەتی ھاوبەش و نیشتمانیی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا پێکبھێنرێت".
دەقى راگەیەنراوەکە:
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئێریك شوڤالییێ، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ئۆلیڤییە دێکۆتینی، كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و دکتۆر سۆران جەمال تاھیر، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و دابان شەدەڵە، ئەندامی سەرکردایەتی ئامادەبوون، دۆخی سیاسی گشتی لەسەر ئاستی عێراق، ھەرێم و ناوچەکە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکڕیزی ماڵی کورد تاوتوێکرا و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی یەکڕیزی ماڵی کورد و یەک گوتاری سیاسی لە بەغدا روونیکردەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتاوە پەرۆشی یەکخستنی ریزەکانی کورد بوو, ھەموو ھەنگاوێکمان بۆ ئەوە بوو بە یەک تیم لەگەڵ بەغدا و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان گفتوگۆ بکەین و بە یەک وەرەقەی سیاسی کوردستانیی و نیشتمانیی بچینە گفتوگۆکانەوە و ھەر ئەوەشمان کرد، بەڵام بە داخەوە دواتر ئەم نییەتە تێکدرا و لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ئەو یەکڕیزییە لە باربرا!
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی قۆناغی ئێستای سیاسی و گفتوگۆکان و ھەنگاوەکان روونکردنەوەی زیاتری دا بە وەفدی میوان و پێی راگەیاندن دەرفەت ماوە تاوەکو لەسەر بنەمای تەوافق و شەراکەتی ھاوبەش و نیشتمانیی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا پێکبھێنرێت، کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی نەک لێکترازان و دۆخی وڵات بەرەوە ئایندەیەکی نادیار و ئاڵۆزتر ببات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد یەکێتی پەرۆشی پاراستنی ئەو کلتووری پێکەوەژیان و تەوافقییەیە کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی داناوە و دەمانەوێت نەبینە ھۆکار بۆ تێکدانی ماڵی کورد و ھێزە شیعییەکان و سونەکانیش، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانە کە لە پێشینەی کارەکانمانە.
مەترسی جموجۆڵەکانی داعش و ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە، ھێزە عێراقییەکان و راوێژکارانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە وردی گفتوگۆی لەسەرکرا و جەختکرایەوە لە فراوانکردنی ھەماھەنگییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی لە وڵات.