گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەیسەکانى گۆڕینى ڕەگەز لەهەرێم

پیاوێکی خاوەن دوو منداڵ ڕەگەزی خۆی گۆڕی و هاوسەرگیری کردەوە 

2022.02.01 - 21:58
App store icon Play store icon Play store icon
پیاوێکی خاوەن دوو منداڵ ڕەگەزی خۆی گۆڕی و هاوسەرگیری کردەوە 

ناس کورد-شەهرام عەزیز

دوای چەندین ساڵ هاوسەرگیری و سەرەڕای هەبوونی دوو منداڵ، لە هاوسەرەکەی جیابووەوە و ڕەگەزی خۆی گۆڕی بە ئافرەت و لەگەڵ پیاوێکدا هاوسەرگیری کرد، ئەمە حاڵەتێکی گۆڕینی ڕەگەزە لە هەرێمی کوردستان و پێچەوانەکەشی ڕوویداوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بابەتی گۆڕینی ڕەگەز لە نێرەوە بۆمێ یاخود بەپێچەوانەوە یەکێکە لەو بابەتانەی ماوەیەکە بڵاوە و قسە و باسی لەسەر دەکرێت و لە هەرێمی کوردستانیش سەریهەڵداوە و ئەو کەسانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن، دواتر لە دادگاکان داوای گۆڕینی ڕەگەزەکەیان دەکەن لەسەر ناسنامەکانیان. 



گۆڕینی ڕەگەز

لەسەر ئەو پرسە "ناس کورد" قسەی لەگەڵ موقەدەمی مافپەروەر بێستون سلێمان حمەئەمین، ئەفسەر لە کاروباری یاسایی بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی کرد و ناوبراو ڕایگەیاند، "گۆڕینی ڕەگەز لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە سەریهەڵداوە و تاوەکو ئیستا لە ڕەگەزنامەی سلێمانی پێنج کەیس تۆمارکراون و خەڵکی دیکەش هەن کە بەنیازی گۆڕینی ڕەگەزن، بەڵام لە ناسنامەدا بۆیان ناگۆڕدرێت." 

 

لە یەکێک لەو کەیسانەدا لە شاری سلێمانی، پیاوێک کە ژنی هەبووە و خاوەنی دوو منداڵ بووە، لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە بە ئافرەت، دواتر لە دەرەوەی وڵات هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا کردووە.

 

لە کەیسێکی دیکەدا هەر لە هەرێمی کوردستان، ژنێک دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیری لە مێردەکەی جیابووەتەوە و خۆی کردووە بە پیاو، کەیسێکی دیکەش کچێک دەیەوێت خۆی بکات بە کوڕ و هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکدا بکات.

 

ئەو کەسانەی کە سەردانی ڕەگەزنامەی باری شارستانیی سلێمانییان کردووە تەمەنیان جیاواز بووە، بەجۆرێک لەنێوان 20 تاوەکو نزیکی 50 ساڵی بوون. 

 

بەوتەی ئەو ئەفسەرەی ڕەگەزنامەی سلێمانی، ئەو کەسانەی کە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە و سەردانیان کردوون وتویانە، "ئێمە ئافرەت بووین لە جەستەی پیاودا، هەموو حەزێکی ئافرەتمان هەبووە، هەر لە جلوبەرگەوە تاوەکو مەیک ئەپ و سێکس، یاخود پیاو بووین لە جەستەی ئافرەتدا".

 

لە عێراقدا ڕەگەز گۆڕین یەکێکە لەو بابەتانەی کە یاسای بۆ نەچووە و هیچ دەقێکی یاسایی نیە کە چارەسەری ئەم بابەتە بکات، بەڵام بێستون سلێمان دەڵێت، "بە پشت بەستن بە (ماددەی یەکەم/ بڕگەی دوو) لە یاسایی شارستانی عێراقی ژمارە (40 بۆ ساڵی 1951) کە باس لەوە دەکات، ئەگەر هاتوو دەقێکی تەشریعی نەبوو بۆ جێبەجێ کردن، پێویستە دادگا پەنا ببات بۆ عورف و ئەگەر بە پێی عورف ئەو بابەتە نەناسراو بوو، پێویستە دادگا پەنا ببات بۆ بنەماکانی شەریعەی ئیسلام، دواتریش قەواعیدی عەدالە، کەواتە بەپێی شەریعەتی ئیسلام مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسانەدا دەکرێت کە ڕێگەپێنەدراوە و سەرجەم ئەو داوایانە ڕەتکراونەتەوە و هیچ کەسێکیان لەسەر ناسنامە ڕەگەزیان بۆ نەگۆڕدراوە. 



گۆڕینی ڕەگەز لەنێوان دەروون و زانستدا 

بەشێک لەو کەسانەی کە ئارەزووی گۆڕینی ڕەگەزی خۆیان دەکەن، یاخود هەست بە کێشە لە ڕەگەزیاندا دەکەن، سەردانی پزیشکی دەروونی دەکەن بەمەبەستی چارەسەر. 

 

د. ئەفرام محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی بە "ناس کورد"ی وت، "دەتوانم بڵیم مانگانە نزیکەی سێ کەس سەردانم دەکەن بۆ ئەو مەبەستە کە هەست دەکەن دیوی دەرەوەیان لەگەڵ دیوی ناوەوەیان جیاوازە لە ڕووی ڕەگەزییەوە." 

 

وتیشی، "لەڕووی زانستییەوە ئەو حاڵەتە بە لادان دانانرێت بە نەخۆشی دادەنرێت و چارەسەری بۆ دانراوە، ناشتوانین بڵێین لادانە، چونکە ئەو کەسانە تاوانیان نەکردووە و بەدەست خۆیان نییە کە بەوشێوەیەن." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دوو ڕێگا هەیە بۆ چارەسەری ئەو حاڵەتە، یەکەمیان چارەسەری دەروونییە، واتە ئەو کەسەی کە بە جەستە پیاوە، بەڵام لە ناخدا حەزی ئافرەتانەی هەیە، دەکرێت بە چارەسەری دەروونیی ئەو کێشەیەی چارەسەر بکرێت و وەک پیاوێکی ئاسایی بژی، یاخود بە پێچەوانەوە، ڕێگای دووەمیش نەشتەرگەری و گۆڕینی ڕەگەزە کە لە ڕاستیدا ڕێگای سەرەکیی ڕێگەی یەکەمە." 

 

"بەڵام ئێستا بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە، ئەو کەسانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن وا نمایش دەکرێن کە ژیانێکی زۆر خۆش و تایبەتیان هەیە، بۆیە ئەوە پاڵنەرە بۆ ئەوەی زۆرینەی ئەو کەسانەی دیکەش کە ئەو حاڵەتەیان هەیە لەجێی چارەسەری دەروونیی ڕێگەی نەشتەگەریی بگرنەبەر." 

 

سەبارەت بەوەی ئەو حاڵەتانە لەئێستادا بەراورد بە ڕابردوو زیادیان کردبێت، ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد، "ئەو حاڵەتانە لە ڕابردووشدا هەبوون، بەڵام کەمتر ئاشکراکراون، چونکە هۆشیاری خەڵک لەئێستادا گۆڕاوە و ڕەنگە لە ڕابردوودا ئەو کەسە هەر نەیزانیبێت کێشەکە چییە و لەڕووی نەهاتبێت باسی بکات، بەڵام ئێستا کرانەوەی کۆمەڵگە وای کردووە ئەو کەسانە نەترسن لە باس کردنی ئەو حاڵەتە." 

 

نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز لە هەرێمی کوردستان ئەنجام نادرێت و ئەو کەسانە لە وڵاتی ئێران و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەن، لە وڵاتانی ئەوروپاش 



ڕاستکردنەوەی ڕەگەز 

جگە لە گۆڕینی ڕەگەز، نەشتگەری ڕاستکردنەوەی ڕەگەز هەیە کە یاسای عێراقی پشتیوانی دەکات و ڕێنماییەکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە بە ژمارە (4)ی ساڵی 2002، دەرچووە، باس لەوە دەکات کە کەسێک شێواوی لە ڕەگەزیدا هەبێت، یاخود دوو ڕەگەزبێت، بەپشت بەستن بە پشکنینی پزیشکی ڕەگەزی ئەو کەسە بۆ ڕەگەزی بەهێزی کەسەکە ڕاست دەکرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی دوو ڕێگاوە، وەرگرتنی هۆڕمۆن، یاخود نەشتەرگەری. 

 

موقەدەم بێستون سلێمان دەڵێت، پێویستە ڕاستکردنەوەی ڕەگەز لە پێش تەمەنی 18 ساڵیدا بکرێت، بۆیە پێویستە دایکان و باوکان ئاگاداری ئەو حاڵەتانە بن لە منداڵەکانیاندا و پێش تەمەنی 18 ساڵی بکرێت، لە سلێمانی چەند حاڵەتێکی لەوشێوەیە هەبووە و ڕەگەزی ئەو کەسانە ڕاستکراوەتەوە.

 

دەشڵێت، "داوا دەکەم ئەو کەسانەی بەنیازی ئەو کارە هەوڵبدەن لەڕێگەی دەروونییەوە خۆیان چارەسەر بکەن و بیر لە نەشتەرگەری و گۆڕینی ڕەگەزی خۆیان نەکەنەوە، چونکە لەڕووی یاسای و کۆمەڵایەتیش ڕێگەپێنەدراوە بەهیچ شێوەیەک لەسەر ناسنامە ڕەگەزیان بۆ ناگۆڕدرێت."