ناس كورد-
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، ٩٩ ملیۆن و ٢٨٦ ھەزار و ٧٨ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە تێکڕای داھاتەکەی گەیشتووەتە، ھەشت ملیار و ٢٧٠ ملیۆن دۆلار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی کانوونی دووەمی رابردوو بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تیکڕای نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، ٩٩ ملیۆن و ٢٨٦ ھەزار و ٧٨ بەرمیل بووە کە تێکڕای داھاتەکەی گەیشتووەتە، ھەشت ملیار و ٢٧٠ ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٦ ملیۆن و ٤٣٠ ھەزار و ٥٩٦ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٥٤٥ ھەزار و ٦٥٦ بەرمیل.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە مانگی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و ٢٠٣ ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٨٣ دۆلار و ٢٤ سەنت فرۆشراوە.