گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

پەیامێکی نوێ لە پارتییەوە بۆ یەکێتی.. ئێران چی بە بارزانی وتووە؟

2022.02.01 - 09:25
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێکی نوێ لە پارتییەوە بۆ یەکێتی.. ئێران چی بە بارزانی وتووە؟

ناس کورد- 

 وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی دوێنێی بارزانی و کۆبوونەوەکەی نەجەف لەسەر داوای ئیسماعیل قائانی بووە و ڕەتیشی دەکاتەوە داوای کشانەوەی کاندیدانی پارتی و یەکێتی کردبێت و دەشڵێت، گرەنتیان بۆ دەرچوونی هۆشیار زێباری هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا (سێشەممە 1-2-2022) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی نەجەف هیچ بەڵێن و بڕیارێکی کۆتایی نەدرا، بەڵام ئەوەی هەیە لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە، چوارچێوەی دەستوری و کاتی دەستوری هەیە دەبێت ئێمە ڕێز لەو بڕگە دەستورییانە بگرین کە دەبێت 7/2 سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، دواتر کەسێک ڕابسپێردرێت بە پێکهێنانی حکومەت دواتر دەتوانین زیاتر گفتوگۆ بکەین کە دەتوانین کە هەندێک لایەن بهێنرێنە ناو گفتوگۆکان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت. "

 

لەبارەی ئەوەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران پێشنیازی بۆ بارزانی کردبێت کە پارتی و یەکێتی هەردوولا کاندیدەکانیان بکشێننەوە، ڤیان دەخیل دەڵێت، "بە هیچ جۆرێک شتی وا نەبووە، قائانی باسی پۆستی سەرۆک کۆمار و کشانەوەی کاندیدەکەی پارتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی نەکردووە، ئەوەندەی کە باسکرا لەگەڵ جەنابی سەرۆک ئەوەیە کە ئێستا دۆخی شیعە بە ئاڕاستەیەکی خراپدا دەڕوات ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات ئەوا ڕەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر شەقامی شیعە، بۆیە داوا لە جەنابی سەرۆک کرا کە دەستپێشخەرییەکی لەو جۆرەی هەبێت بەو پێیەی سەرکردەیەکی حەکیمە و هەمووان گوێی لێدەگرن، خۆی ئەسڵەن جەنابی سەرۆک پێشتر دەیویست دەستپێشخەری وا بکات، بۆیە بە هیچ جۆرێک باسی کشانەوەی کاندیدەکەمان نەکراوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، یاخود کۆماری ئیسلامی ئێران فشارێکی لەو جۆرە بکات کە دەبێت پارتی چی بکات یا نا، بەڵکو تەنها داوا لە جەنابی سەرۆک کرا بۆ ئەو دەستپێشخەرییە." 

 

هاوکات دەربارەی تێوەگلانی هۆشیار زێباری لە گەندەڵێ، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، " هەر کەس کە خۆی کاندید دەکات بە کۆمەڵێک پرۆسەدا دەڕوات کە بریتیە لە دادگا و دەستپاکی، ئینجا پەسەند دەکرێت بۆ کاندیدبوون، دوێنێ ناوی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆمار دەرچوون ئەگەر گرفتێکی یاسایی هەبووایە ئەوا ناوەکەی دەرنەدەچوو، هەمووان ئەوە دەزانن ئیستجوابی کاک هوشیار ئیستجوابێکی سیاسی بوو، کوتلەی سەدریش دەزانێت ئیستجوابەکە لەلایەن دەولەتی قانون و مالکیـیەوە هاتبوو، بۆیە بڕوا ناکەم ئەو شتە هیچ کاریگەری هەبێت."

 

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەکردووە، "ئێمە متمانەمان هەیە بە کاندیدی خۆمان و بەردەوام دەبین، بەڵام گفتوگۆ هەر دەمێنێت لەگەڵ لایەنەکانی تر، مەرج نیـیە ئێمە سەرۆک کۆمارمان وەرگرت ئیتر بە واتای دەرگای گفتوگۆ دادەخرێت، نەخێر گفتوگۆ هەردەمێنێت، ڕەنگە ئەو دەستپێشخەریەی لە نێوان پارتی و سەدر و حەلبوسی کرا، دەرگایەکی تر بێت بۆ یەکێتی تا موڕاجەعەی خۆیان بکەن کە بزانن بەرژەوەندی خەڵک لە پێشتر و باشترە لە پەیوەست بوون بە کەسێک، چونکە یەکێتی خەڵک و لایەنگری خۆی هەیە چاوەڕێ دەکەن کە کاریان بۆ بکات، سبەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پێشە، بۆیە یەکێتی دەبێت بزانێت بەشداریکردن لە گفتوگۆکان و حکومەت لە بەغدا باشترە لە پەیوەستبوون بە کاندیدێک. "

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " گەرەنتیمان لە سەدر وەرگرتووە بۆ دەنگدان بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و هەمووشمان دەزانین کاریگەری موقتەدا سەدر چیە لەسەر کوتلەی سەدری. "