کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق لە کۆشکى سەلام لە بەغدا، بڵاوکردەوە. . لەراگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، لەکۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیھان گفتوگۆ کرا. . بە گوێرەى راگەیەندراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمارى عێراق جەختی لە گرنگی ھەماھەنگی دیدی ھاوبەش و گفتوگۆی جددی کردەوە لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندی خەڵک. . راگەیەندراوەکە روونیدەکاتەوە، سەرۆک کۆمار بڕوای تەواوی بەلێکگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەربڕی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بەھەموو ھاووڵاتیان. . راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى کۆمار، ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خواستی حکومەتەکەی بۆ چڕکردنەوەی گفتوگۆیەکان بەپێی دەستوور، لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و بەھێزکردنی پەیوەندی برایانە، دووپات کردۆتەوە. ئەمڕۆ (سێشەممە) مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵا گەیشتە بەغدا و لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەى لە کۆشکى سەلام لە بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق کۆبوەوە و لە ئێستادا شاندەکەى هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەدایە. .