ناس کورد-
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان "نیگەرانی قووڵی خۆی راگەیاند لەسەر لێكترازانی ناو ماڵی كوردی و ئەو ململانێ نەخوازراوەی دوو حزبی دەسەڵات دەیكەن سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆمار" و داوا دەکات "لەسەر پاڵێوراوێكی هاوبەش رێكەوتن بكرێت".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-1-2022، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەسەرپەرشتی سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی حزبەکە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، "تیشك خرایە سەربارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و گۆرانكاری و پێشهاتەكان راڤە و تاوتوێكران، هەر لەچوارچێوەدا گفتوگۆكرا لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، كۆبوونەوە نیگەرانی قووڵی خۆی راگەیاند لەسەر لێكترازانی ناو ماڵی كوردی و ئەو ململانێ نەخوازراوەی دوو حزبی دەسەڵات دەیكەن سەبارەت بە پرسی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە و دەبێت كۆ دەنگی نیشتیمانی لەسەر بێت."
ئەنجومەنی جێبەجێكردن جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە "هەرچی زووترە دوو حزبی دەسەڵات پێداچوونەوە بەو هەڵوێستەیاندا بكەنەوە و لەسەر پاڵێوراوێكی هاوبەش رێكەوتن بكرێ، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناو ماڵی كوردی لەبەریەك هەڵنەوەشێ و ناچارمان نەكەن بە هەڵوێستی تر.،
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا "باس لە ئامادەكاریەكان بۆ (28)هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتوو لە (6/2/2022) كراو بەرنامەی تایبەت بە یادەكە بڕیاری لەسەردرا، هەروەها كاروبارەكانی ناوخۆی حیزب تەوەرەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، كە بەشێوەیەكی ئیجابی هەڵسەنگاندن كرا بۆ سەرجەم چالاكیەكانی ئەنجومەن و دەزگا و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی تری حزب."