گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لەسەر داوای ئێران’’

ئاڵا تاڵەبانی لە بەرامبەر پۆستێکی باڵا گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی

2022.01.28 - 11:32
App store icon Play store icon Play store icon
ئاڵا تاڵەبانی لە بەرامبەر پۆستێکی باڵا گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی

ناس كورد-

ئاڵا تاڵەبانی، دوای سێ مانگ لە دەركردنی لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە رەزامەندی بافڵ تاڵەبانی بۆ یەكەمجار لەگەڵ وەفدێكی باڵای ئەو حزبە دەركەوتەوە، كاتێك سەردانی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحیان كرد لە بەغدا، ئەوەش بۆ پرسی سەرۆكایەتی كۆمار.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ پێنجشەممە، 27ی كانونی دووەم، ئاڵا تاڵەبانی وەكو ئەندامی وەفدەكەی یەكێتی، هاوشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و ژمارەیەك لە سەركردەی تری یەكێتی چونە لای عامری، ئەوەش دوای ئەوە دێت، كە ناوبراو لە تشرینی دووەمی 2021 هەر بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی لە حزبەكەی دەكرا، لە كاتێكدا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو.

 

ماڵپەڕی کەرکوک ناو لە ڕاپۆرتێکدا کە پشتی سێ سەرچاوە بەستووە كە دوانیان لە سەركردایەتی یەكێتیین دەڵێت، ئاڵا تاڵەبانی، لەسەر داوا و پێشنیاری ئێران هاوشان لەگەڵ وەفدەكەی یەكێتین بۆ كەمپینی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ بەرهەم ساڵح، بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق.

 

یەكێك لە سەرچاوەكان كە نزیكایەتی هەیە لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی، جەختیكردەوە "ئێران پێشنیاری كردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی و ئەزمونی ئاڵا تاڵەبانی بەكاربهێنرێت و سودی لێ ببینرێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و قەناعەتپێكردنی لایەنەكان تا دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناوبراو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا هەیە و چەند خولێكە پەرلەمانتارە و خولی پێشوی پەرلەمانیش توانی لە بەغدا كورسییەكی پەرلەمانی لە دەرەوەی یەكێتی بۆ خۆی مسۆگەر بكات".

alaala

ئێران پێشنیاری كردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی و ئەزمونی ئاڵا تاڵەبانی بەكاربهێنرێت و سودی لێ ببینرێت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و قەناعەتپێكردنی لایەنەكان تا دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن

 

وتیشی "ئێران پێشنیاری گەڕانەوەی بۆ بەرهەم ساڵح كردووە، ئەویش پێشنیارەكەی بە بافڵ تاڵەبانی داوە و بافڵ تاڵەبانی راستەوخۆ قبوڵی كردووە و سەردانی ئاڵای كردووە تا بگەڕێتەوە ناو یەكێتی و هاوكاریان بكات لە سەرخستنی بەرهەم ساڵح".

 

دوو سەرچاوەی تری یەكێتی، بەهەمان شێوە جەختیانكردەوە "كە گەڕانەوەی ئاڵا تاڵەبانی بە هەوڵ و پێداگری ئێران بووە". ئەو دوو سەرچاوەیە كە یەكێكیان ئەندامی سەركردایەتییە، وتی "ئێران لە پرسی سەرۆكایەتی كۆماردا پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكات وەكو كاندیدی یەكێتی، لە ئێستاشدا لە ئاستی باڵا ئێران وەفدێكی لەبەغدایە و كار بۆ سەرخستنی بەرهەم ساڵح دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هەر ئەوانیش داوای گەڕانەوەی ئاڵا تاڵەبانیان كردووە".

 

ئاڵا تاڵەبانی، پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا هەیە بەتایبەت شیعەكان، زۆركات بەهۆی ئەو پەیوەندییەشەوە روبەڕوی رەخنەی نەیارەكانی بۆتەوە، بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

بەشدارپێكردنی ئاڵا تاڵەبانی، لە وەفدەكەی یەكێتی و لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ بەرهەم ساڵح، لەكاتێكدایە یەكێتی لە بەغدا لە ململانێیەكی قوڵدایە لەگەڵ پارتی، كە ئەوانیش هەوڵی جدیی دەدەن بۆ سەرخستنی كاندیدەكەیان (هۆشیار زێباری) بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.

 

لەبارەی رۆڵی ئاڵا تاڵەبانی، دوای یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، یەكێك لە سەرچاوەكان وتی "لە بەغدا پۆستێكی باڵای پێدەدرێت، بەڵام جارێ رون نییە ئایا پۆستەكە حزبی دەبێت یان حكومی، بەڵام یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی دەیانەوێت سود لە ئەزمون و پەیوەندییەكانی ناوبراو وەربگرن بۆ دوای یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماریش... ئەوەی گرنگە ئاڵا تاڵەبانی گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی".

 

ئاڵا یەكێكە لە سەركردە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی پێشوی یەكێتی و پێكەوە و هاوشانی ژمارەیەك ئەندامی تری سەركردایەتی، بە بڕیاری باڤڵ تاڵەبانی لە حزبەكە دەكران.

 

لەكاتی دورخستنەوەیدا لە یەكێتی، ئاڵا تاڵەبانی لە نوسینێكیدا وتی "دوجار لە کەرکوک لە لایەن حیزبی بەعسەوه سزای سیاسی دراوم لەبەر بیر و بۆچونی سیاسیم... هەرچۆن ئەو دوو سزایە چونە دەفتەری سەروەریەکانمانەوە ئێستاش ئەم سزایە هەر وەک ئەوانەی تر دەچێتە دەفتەری سەربەرزیی و سەروەریەکانمانەوە، چونکە هیچ کات ملکەچی ئيرادەی به زۆر خۆسەپاندن و زوڵم و ناعەدالەتی نابمەوە". هەروەها زیاتر وتی "یەکێتیم بە شەرعیەتی کۆنگرە و سەربەرزم لەگەڵ هەڤاڵەکانم".

 

گەڕانەوەشی بۆ ناو یەكێتی، لەكاتێكدایە بافڵ تاڵەبانی لە 28ی تشرینی دووەمی 2021، لەبارەی پرسی گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگی و ئەو سەركردانەی یەكێتییەوە، وتی "دەركراوەكان تا یەك ملیۆن ساڵی دیكە ناگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی".