ناس کورد-شەهرام عەزیز
پەرلەمانتارێکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغدا رایگەیاند "لە سەردانەکەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى باڵاى حکومەت لەگەڵ بەرپرسانى عێراق چوار پرسى گرنگ، تاوتوێ دەکرێت".
.
ناسڕ یوسف، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند:" چوار پرسی گرنگ لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە کە پێویستە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن، ئەوانیش پرسی نەوت و بودجە و پێشمەرگە و ناوچە کێشە لەسەرەکان".
.
وتیشی، لە سەردانەکەی ئەمڕۆدا پێدەچێت باس لە دوو پرسیان بکرێت کە نەوت و بودجە بن، دواتریش بۆ پرسی پێشمەرگە و ناوچە کێشە لەسەرەکان سەردانی دیکە بکرێتەوە.
.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێدی زۆر هەیە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتەواوی چارەسەر بکرێن و پێویستە حکومەتی عێراقیش مافەکانی هەرێم دابین بکات بەتایبەتی لەجێبەجێکردنی دەستوردا، کە تائێستا بەپێی دەستور کار لەگەڵ هەرێم ناکات، با هاوڵاتیانی هەرێم ئەوانەش بزانن و هەر نەڵێن، خەتای حکومەتی هەرێمە.
.
ئەمڕۆ (سێشەممە) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەسەرۆکایەتى شاندێکى باڵا سەردانى شارى بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانى عێراق، کۆدەبێتەوە.
.
شاندەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ شارى بەغدا لەگەڵ هەریەک لە عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیرانى عێراق، محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق، کۆدەبێتەوە.
.
ناس کورد زانیویەتى لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیان بۆ بەغدا و دەستپێکى کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانى بەغدا، شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق کۆدەبنەوە.
.