ناس کورد-
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لەمەودا دەستدەکرێتەوە بە دانانی پرسە لە هەرێمی کوردستان بەڵام بە چەند مەرجێکەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە (25-1-2022) وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا مەرجەکانی دانانی پرسەی ڕاگەیاند؛
یەکەم: پرسە بۆ ماوەی تەنیا 1 رۆژ دەبێت، ئەویش لە دوای نوێژی نیوەڕۆوە.
دووەم: تەنیا لەو مزگەوتانەی هۆڵی بۆنە ئایینییەکانیان هەیە رێوڕەسمی پرسە بەڕێوەدەچێت.
سێیەم: لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسە جگە لە خوێندنی قورئانی پیرۆز بە هیچ شێوەیەک گوتار پێشکێش ناکرێت.
چوارەم: دەنگی بڵندگۆ لەنێو هۆڵی پرسە بەرز نەبێت کە ببێتە مایەی بێزاربوونی پرسەوانان.
پێنجەم: بۆ ئەو شوێنانەی قورئان خوێن قورئانی تێدا دەخوێنرێت تەنیا لەنێوان 50 بۆ 75 هەزار دەبێت بە کرێی ئامێری دەنگییەوە.
شەشەم: پێویستە لە پرسەدا رێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی ماسک جێبەجێ بکرێت.
حەوتەم: لەو مزگەوتانەی هۆڵی پرسەی ئافرەتانی تێدایە هەمان قورئانخوێن کە بۆ پیاوان دانراوە دەنگی دەگوازرێتەوە بۆ پرسەی ئافرەتان.
هەشتەم: بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوی نەخوازراو دەکرێت لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسە ئاراستەی پرسەوانان بکرێت.
نۆیەم: بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و قەزا و تێبینەرایەتییەکان بەرپرسن لەو خاڵانەی باسمانکرد.