ناس کورد-
خێزانی نەقیب محەمەد لەتیف، ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی لەکاتی ئەرکدا کوژرا، ڕەخنە لە حکومەت دەگرن و دەڵێن، دەستگیرنەکردنی بکوژەکان سەلمێنەری ئەوەیە کە تاوانباران دەتوانن زۆر بە ئاسانی ڕابکەن و دەرباز بن لە سزا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاڵا لەتیف، ڕۆژنامەنوس و خوشکی نەقیب محەمەد لەتیف لە بڵاوکراوەیەکدا لە فەیسبوکی خۆی (سێشەممە 25-1-2022) ڕایگەیاند، 52 ڕۆژ بەسەر کوژرانی براکەیدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا بکوژەکان دەستگیرنەکراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەیسی شەهیدکردنی نەقیب محەمەد لەتیف ڕوویەکی دیکەی دۆخی مەترسیداری هەرێمی کوردستان و سەروەر نەبوونی یاسایە و سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەن نەک دەتوانن دەست لە پۆلیس بکەنەوە و بیانکوژن و گڕ لە سەیارەکەیان بەربدەن، بەڵکو دەشتوانن زۆر بە ئاسانی ڕابکەن و دەرباز بن لە سزا."
شەوی شەممە (4ی کانونی یەکەمی 2021) لە شاری سلێمانی داواکراوێک ڕووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بەناوی محەمەد لەتیف کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش برینداربوون.
لەدوای ڕووداوەکە تۆمەتباران هەڵهاتن و چەند دەنگۆیەکیش بڵاوبووەوە کە هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام تائێستا نە ئەو دەنگۆیە پشتڕاست کراوەتەوە و نە دەستگیریشکراون.
لەبارەی کەیسەکە ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.